دەستەی دەستپاكێ عێراق ئەمڕۆ سێشەممە دەستگیركردنی بەڕێوەبەری بەشی موڵكداری لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تكریتی بە تۆمەتی گەندەڵی و ساختەكردنی بەڵگەنامە فەرمییەكانی حكوومەت راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی دەستەی دەستپاكێ عێراق لە كاتی دەستگیركردنی ئەو بەڕێوەبەرەی شارەوانی تكریت، پشکنین بۆ ماڵەكەی كراوە و تێیدا دەستبەسەر ژمارەیەک لە وەسڵی وەرگرتنی مامەڵەی هاووڵاتییان و بڕێکی زۆر پارە بە دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکی و هەروەها ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرز و چەکی سووک و کۆمەڵێک زێڕ و مۆر گیراوە.
هەر لەنێو ماڵی ئەو بەڕێوەبەرەدا دەستبەسەر 94 سندی خانووبەرەدا بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تكریت گیراوە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو تۆمەتبارە ئەو سندانەی بۆ بازرگانیکردن بەکارهێناوە و خستوویەتییە ناو کۆنووسی وەجبەکانی دابەشکردنی زەوی بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەلالەکاندا.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكەی دەستەی دەستپاكێ عێراق ئەو بەڕێوەبەرەی بەشی موڵكداری لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی تكریت كە دەستگیركراوە، تۆمەتی گەندەڵی و ساختەكردنی بەڵگەنامە فەرمییەكان و چەندان تاوانی دیكەی بەسەردا دەسەپێنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.