Erbil 15°C ھەینی 17 ئایار 13:03

گه‌وره‌ترین نه‌مامگه‌ى عێراق له‌شارى که‌رکوکه‌

ئەم نەمامگەیە سەدان جۆر گوڵ و نەمامی جۆراوجۆری تێدایە
baxcha
کوردستان TV
100%

لە شاری کەرکووک نەمامگەیەگی گەورە ھەیە و خاوەنەکەی بە گەورەترین نەمامگە لە عێراق ھەژماری دەکات، ئەو باس لەوەش دەکات کە ساڵانە نزیکەی 400 ھەزار گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر لەو نەمامگەیەدا بەرھەم دەھێنرێت.

بە دووری 10 کیلۆمەتر لە شاری کەرکووکەوە لەسەر رێگای سەرەکی کەرکووک ـ ھەولێر نەمامگەیەکی گەورەی گوڵ و نەمام ھەیە، ئەم نەمامگەیە سەدان جۆر گوڵ و نەمامی جۆراوجۆری تێدایە و دەیان کرێکاری کورد و عەرەب و تورکمان و بیانی رۆژانە و بەردەوام سەرقاڵ بەخێوکردنی نەمام و گوڵەکانن.

محەمەد حسێن خاوەنی ئەم نەمامگەیەیە، ئەو جگە لەوەی بڕوانامەی ماستەری لە بواری باخداری و ئەندازیاری باخچەدا ھەیە، ماوەی 35 ساڵیش ئەزموونی باخداری ھەیە و وەک خۆی دەڵێت پیشەکەی لە باووباپیرانیەوە بۆ ماوەتەوە.

ئەو لە بارەی نەمامگەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: نەمامگەی محەمەد گەورەترین و یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق، لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و لە ساڵی 2004 دەستمان کرد بە دروستکردنی نەمامگەکە.

خاوەنەکەی دەڵێت: سەرەتا پڕۆژەیەکی بچووک بوو دواتر وردە وردە پەرەمان پێدا و پڕۆژەکەمان گەورە کرد، یەکەمجار لە تورکیا و ھۆڵەندا و وڵاتانی تری ئەورووپاوە نەمام و گوڵمان دەھێنا و پەروەردەمان دەکرد و لەگەڵ ژینگەی ئەم ناوچەیە دەمان گونجاندن و دواتر دەمان فرۆشت بە کەرکووک و شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام دوای ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەکە، خۆمان دەستمان بە بەرھەمھێنانی ئەو گوڵ و نەمامانە کردووە.

ئەم نەمامگەیە لەسەر رووبەری 65 دۆنم زەوی دروستکراوە و ساڵانە سەدان جۆر گوڵ و نەمام بەرھەم دەھێنێت، تێیدا 60 کارمەند لە کورد و عەرەب و تورکمان و بیانی رۆژانە کار دەکەن و سەرقاڵی بەخێوکردن و بەرھەمھێنانی گوڵ و نەمامن.

محەمەد حسێن دەڵێت: ساڵانە نزیکەی 400 ھەزار گوڵ و نەمامی جۆراوجۆری وەرزی و 4 وەرزە بەرھەم دەھێنین و گەورەترین نەمامگەین لەسەر ئاستی عێراق، بەرھەمەکانمان رەوانەی شارەکانی تری ھەرێم و عێراق و ئێران و ئوردن و سووریا دەکەین و لەو ناوچانە بریکاری خۆمان ھەیە.

بە ھۆی گەورەیی و جوانی نەمامگەکە و بوونی سەدان گوڵی رەنگاوڕەنگ لە نەمامگەکەدا، رۆژانە ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی کەرکووک و دەورووبەری و ئەو گەشتیارانەی رۆژانە لەو رێگەیەوە گەشت دەکەن سەردانی دەکەن و بەرھەمەکانی دەبەنەوە لەگەڵ خۆیان.

كوردستان TV

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.