Erbil 4°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 05:01

کاره‌باى نیشتیمانى زیاد ده‌کات و کرێى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌کان که‌م ده‌بێته‌وه‌

ژماره‌ى پێدانى كاتژمێره‌كانى كاره‌باى نیشتیمانى زیاد ده‌كات
کوردستان TV
100%


ئا: ئارام كاكه‌خان

له‌گه‌ڵ دابه‌زینى پله‌ى گه‌رما ژماره‌ى پێدانى كاتژمێره‌كانى كاره‌باى نیشتیمانى زیاد ده‌كات چونكه‌ خواست له‌سه‌ر كاره‌با كه‌مده‌بێته‌وه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا ژماره‌ى پێدانى كاتژمێره‌كانى كاره‌باى مۆلیده‌ كه‌مده‌كات و كرێى مانگانه‌یان كه‌مده‌بێته‌وه‌.

محمد ئه‌مین هه‌ورامانى راوێژكارى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى ده‌زگاى سه‌ته‌لاییتى كوردستانى راگه‌یاند" خواست له‌سه‌ر كاره‌با كه‌مى كردووه‌ و له‌ ئێستاوه‌ ژماره‌ى پێدانى كاتژمێره‌كانى كاره‌باى نیشتیمانى زیاد ده‌بن و پێشبینى ده‌كرێت تاوه‌كو ناوه‌راستى مانگى داهاتوو رۆژانه‌ به‌رز ببێته‌وه‌ بۆ  نزیكه‌ى 15 كاتژمێر و 30 خوله‌ك، ئه‌م زیاد بوونه‌ به‌ ته‌دریجییه‌ و ئێستا به‌ره‌و پێدانى  14 بۆ 15 كاتژمێر كاره‌با هه‌نگاو ده‌نێین".

وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كاتژمێره‌كانى كاره‌با پشت به‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان ده‌به‌ستێت , له‌گه‌ڵ زیاد بوونى كاره‌باى نیشتیمانى كرێى هه‌ر ئه‌مپێرێك كاره‌باى مۆلیده‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

ئاكۆ مه‌عروف سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانى شارى هه‌ولێر به‌ ماڵپه‌ڕى ده‌زگاى سه‌ته‌لاییتى كوردستانى راگه‌یاند" بۆ ئه‌م مانگه‌ تاوه‌كو 15ى مانگ, وه‌كو مانگى رابردوو ئاسایى بووه‌ و مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان 250 بۆ 260 كاتژمێر كاره‌بایان داوه‌, له‌كۆتایى مانگ به‌ پێى پێدانى كاتژمێره‌كانى كاره‌با و نرخى گاز، نرخى ئه‌مپێره‌كان دیارى ده‌كرێت.

مانگى رابردوو خاوه‌ن مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك 15 هه‌زاریان وه‌رگرت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیاد بوونى كاره‌باى نیشتیمانى ئه‌م كرێیه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌، ئاكۆ مه‌عروف  زیاتر ووتیشى " له‌م مانگه‌وه‌ كرێى هه‌ر ئه‌مپێرێك كاره‌باى مۆلیده‌ى ئه‌هلییه‌كان به‌ره‌و دابه‌زین ده‌ڕوات و تا سه‌ره‌تاى مانگى 12 به‌رده‌وام ده‌بێت، تاوه‌كو واى لێدێت رۆژانه‌ مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان 3 بۆ 4 كاتژمێر كاره‌با ده‌ده‌ن، ئه‌وكات كرێى هه‌ر ئه‌مپێرێك مانگانه‌ 8 بۆ 10 هه‌زار دینار كه‌مده‌كات.

له‌كاتى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رما خواست له‌سه‌ر كاره‌با زیاد ده‌كات بۆ 5000 مێگاوات، له‌كاتێكدا تواناى به‌رهه‌مهێنانى وێستگه‌كانى كاره‌با نیوه‌ى ئه‌م رێژه‌یه‌یه‌، به‌ڵام له‌ مانگى ئه‌یلووله‌وه‌ به‌هۆى دابه‌زینى پله‌ى گه‌رما خواست له‌سه‌ر به‌كارهێنانى كاره‌با كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ژماره‌ى كاتژمێره‌كانى كاره‌باى نیشتیمانى زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان كه‌متر كاربكه‌ن و كرێى هه‌ر ئه‌مپێرێك كه‌متر بێته‌وه‌.

 

 

كوردستان TV

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.