Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 19:02

وەزارەتی کشتوکاڵ: پارێزگاریی لە درەختی دارستانەکان بکەن و بۆ پێداویستیی سووتەمەنی بەکاری نەهێنن

وەزارەتی كشتوكاڵ داوا لە هاووڵاتیان دەكات پارێزگاریی لە درەختی دارستانەكان بكەن
کوردستان TV
100%

وەزارەتی كشتوكاڵ داوا لە هاووڵاتیان دەكات پارێزگاریی لە درەختی دارستانەكان بكەن و بۆ پێداویستیی سووتەمەنی بەكاری نەهێنن

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوا لە هاووڵاتیان دەكات پارێزگاریی لە درەختی دارستانەكان بكەن و بە هۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و سەرما و دابەشنەكردنی سووتەمەنی هەوڵی بڕینەوەی نەدەن بە تایبەتیش لە ناوچە شاخاوی و دووردەستەكان بە بیانووی بەكارهێنان بۆ خۆگەرمكردنەوە و پێداویستیی دیكەی رۆژانە.

حوسێن حەمە كەریم بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان سەبارەت بەم بابەتە داوای كرد كە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەت و یەكە ئیدارییەكان و رێكخراوە ژینگەییەكان و میدیاكان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن بۆ هاوكاریكردن و ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لەپێناو پارێزگاریكردن لەو سامانە سرووشتییە كە موڵكی نەوەكانی داهاتووەو پاراستنی ئەركی هەموو لایەكەو هۆكاری سەرەكیی بووژاندنەوەی رووبەری زیاتری سەوزایی كوردستانە.

هەروەها گوتی: لە یاساى دارستان ژمارە (10) ى ساڵى 2012 بەشى دووەم (سوود وەرگرتن لە دارستانەکان ) (ماددەى حەوتەم) بڕگەى (یەکەم)دا هاتووە( ئەو کەسانەى لەناو دارستانەکاندا نیشتەجێن، یان لەدەوروبەرین، بەدەر لەحوکمەکانى ماددەى پێنجەمى ئەم یاسایە، دەتوانن سوودمەند بن لە بەرووبوومى دارستانەکان کە لە پێویستى خۆیان زیاتر نەبێت بەمەرجێک زیان نەگەیەنن بە دارستانەکان) .

بۆیە دەتوانرێت ڕێگا بە گوندنشینان بدرێت كە سوود وەربگرن لە دارو لقە وشكەكان، هەروەها بە ڕێگایەکى زانستى لق و پۆپى دارى دارستانەکان هەڵپاچن و بۆ پێداویستیى ڕۆژانەیان بەكاریان بێنن، کە بەهۆیەوە دوو ئامانج دەپێکین هەم هەڵپاچین بۆ دارەکان دەکرێت و هەمیش هاووڵاتیانیش سوودمەند دەبن .

لەكۆتاییدا هیوای خواست لەم ڕێگەیەوە پارێزگارى لە دارستانەکان بکرێت و سەختیى نەبوونى سووتەمەنى کەمتر بکرێتەوە و هاووڵاتیانیش سوودمەند بن و زیاتر چاویان لەسەر دارستانەکان دەبێت و پارێزگارى لێ بکەن .

ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان - سامان زاهیر

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.