سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئیرادەی گەلی کوردستان لە گوشارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بەهێزترە.
محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە باسنیوزی راگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی هیزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی لێیە ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی دەنگدانی هاووڵاتییانی سلێمانی بە سەربەخۆیی کوردستان، کە ”83 ساڵ پێش ئێستا دژی لکاندنی کوردستان بوون بە عێراق“، رایگەیاندووە، ”بێگومان“ زۆرترین دەنگی بەڵی لە سلێمانی دەبێت و بە گشتیش %95ـی خەڵکی کوردستان دەنگ بە سەربەخۆیی دەدەن.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، کە بە کاکە حەمەش دەناسرێ، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ریفراندۆم بۆ ئەوەیە تا جارێکی دیکە گەلی کوردستان نەکەوێتەوە ژێر دەستەیی و کیمیاباران و ئەنفالکردن، ”ناکرێ بەدیار قەدەری عێراقەوە دابنیشین".
هەروەک کاکە حەمە رایگەیاند، ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو گوشارەکان بەهێزترە، کە بۆ دواخستن و ئەنجامنەدانی ریفراندۆم دەخرێنە سەر سەرکردایەتیی سیاسیی و گەلی کوردستانەوە، ”لە ئاهەنگەکانی هەولێر، دهۆک و زاخۆ جۆش و خرۆشی خەڵکیمان بینی“.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باسی ئەوەشی کرد، کە بەرپرسانی باڵای عێراق دڵنیابوونە لەوەی ”چ تاوانێکیان بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام داوە“ و بەردەوام داوا دەکەن ریفراندۆم ئەنجام نەدرێ و مافەکانی گەلی کوردستان دەگێڕنەوە، ”بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە و لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق ناکەین“.
كوردستان تیڤی/ رفعت مزورى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.