محەمەد سەڵاح ئەستێرەی نوێی یانەی تەرابزۆن سپۆری تورکی، لە چاوپێکەوتنێکی فەرمیدا پەردەی لەسەر ئەو هۆکارانە لادا کە پاڵنەر بوون بۆ ئەوەی ڕوو لە خولی تورکی بکات. سەڵاح ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پێشوازییە گەرمەی لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ لێی کرا، تووشی سەرسوڕمانی کردووە.
محەمەد سەڵاح ئەستێرەی نوێی یانەی تەرابزۆن سپۆری تورکی لە لێدوانێکیدا کە پێگەی "Sporx" بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاند: لە منداڵییەوە فێربووم کە هەمیشە پێویستم بە پاڵنەرێکی نوێیە بۆ سەرکەوتن، هەر ئەمەش وای لێکردم تەرابزۆن سپۆر هەڵبژێرم. من لە کاروانی وەرزشیمدا زۆر شتم بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا بەدوای تەحەدای نوێدا دەگەڕێم.
ئەو ئەستێرە میسرییە باسی لە ڕۆڵی ئەرتوغروڵ دۆغان، سەرۆکی یانەکە کرد لە قایلکردنیدا و گوتی: خولیای سەرۆک بۆ پەرەپێدانی یانەکە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ هاتنم. من 9 ساڵ لە لیڤەرپوول بووم و خەڵکی لەوێ ڕێزێکی زۆریان لێ دەگرتم، بەڵام ویستم لێرەش ئەو خۆشەویستییە تاقی بکەمەوە.
سەبارەت بە کاردانەوەی هاوڕێکانی پێشووی لە لیڤەرپوول، سەڵاح گوتی: دوای بینینی دیمەنەکانی پێشوازیکردن لە من، هاوڕێکانم لە لیڤەرپوول پەیوەندییان پێوە کردم و وتیان کە تا ئێستا شتی لەو شێوەیەیان نەبینیوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەڵاح بەڵێنی بە هاندەرانی یانە نوێیەکەی دا کە هەموو هەوڵێکیان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی تورکی و سەرکەوتن لە خولی کۆنفرانسی ئەوروپی بخەنە گەڕ.
جێی ئاماژەیە، محەمەد سەڵاح لە تەمەنی 34 ساڵیدا بە گرێبەستێکی ئازاد و بۆ ماوەی 2 وەرز پەیوەندی بە تەرابزۆن سپۆرەوە کردووە، کە تا هاوینی ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.