Erbil 10°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 09:41

نێچیرڤان بارزانی و کونسوڵی نوێی ئه‌ڵمانیا، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌رلین دووپات ده‌که‌نه‌وه‌

ستیلفێرد: ئه‌ڵمانیا گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات
نێچیرڤان بارزانی و كونسوڵی نوێی ئه‌ڵمانیا
کوردستان TV
100%

پێشنیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه‌ 12/9/2017 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز كیرت ستۆكڵ ستیلفێرد كونسوڵی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا به‌ڕێز ستیلفێرد خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی كه‌ وه‌ك كونسوڵی نوێی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به‌ كار كردووه‌ و سوپاسی داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ی تا ئێستا له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا پێشكه‌شی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له‌ هه‌ولێر كردووه‌ و هیوای به‌رده‌وامیی ئه‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ی‌ له‌ داهاتوودا خواست.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئه‌ڵمانیا گرنگییه‌كی زۆر به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات و به‌رده‌وامی و تۆكمه‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانیشی دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له‌ به‌ڕێز كونسوڵی نوێی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له‌ كار و ئه‌ركه نوێكه‌یدا، هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكارییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كانی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تیش له‌ بواری مه‌شق و ڕاهێنانی سه‌ربازیدا و په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌رلینیشی دووپات كرده‌وه.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا به‌ڕێزیان باسی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی كرد‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا به‌سه‌ر گه‌لی كورد دا هاتوون و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆم ئامرازێكه‌ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان په‌یوه‌ندی خۆی له‌ ئێستا و داهاتوودا له‌گه‌ڵ به‌غدا دیاری بكات و ببێته‌ ڕێگرێك له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه‌ دیالۆگێكی جددی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان هه‌بێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ پێویست زانی.
 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.