Erbil 31°C سێشەممە 20 تشرینی یەکەم 01:52

لە دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردندا، نوێنەرانی مەسیحییەکان داوای کاراکردنەوەی بەپەلەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

100%

نوێنەرانی پێکهاتەی کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، داوا لە سەرجەم فراکسیۆنە سیاسییەکان دەکەن پەرلەمان بەزووترین کات کارا بپەڕێننەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتوو کە لە ڕێکەوتی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدەرانی پێکهاتەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان لە پڕۆسەیەکی دیموکراسی و شەفافدا.


نوێنەرانی پێکهاتەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە دوای تێپەڕبوونی 2 ساڵ بەسەر ئەو پڕۆسەیەدا، پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە پەکخراوە. ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەم پەکخستنە پاشەکشەیە لە بەدیهێنانی ئیرادەی گەل و بێبایەخکردنی پرۆسەی سیاسییە، هەروەها ڕەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر ڕای گشتیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەبێت.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە دەستوورییەکان لاواز دەکات و تەنیا خزمەت بەو لایەنانە دەکات کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکانیان ناوێت.


لە کۆتاییدا، نوێنەرانی پێکهاتەی کلدانی، سریانی، ئاشووری و ئەرمەن داوایەکی برایانەیان ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان کردووە تا بە دەستپێشخەری و بوێرییەوە کاربکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریکردن و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم.


پەرلەمانتار جێمس حسدۆ هیدۆ
پەرلەمانتار رامی نووری سیاوش

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.