Erbil 31°C چوارشەممە 14 تشرینی یەکەم 11:56

توێژینەوەیەک مەترسییەکانی کەلوپەلی جوانکاریی ئافرەتان ئاشکرا دەکات

100%

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمەریکی هۆشداری دا کە کەرەستەکانی جوانکاری و ئامێرەکانی تەسریحکردنی قژ دەبنە هۆی برینداربوونی مەترسیداری چاو، تێیدا دەرکەوتووە زیاتر لە 42 هەزار کەس تووشی ئەو پێکانانە بوون کە زۆربەیان ئافرەتان و منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵن.

توێژینەوەیەکی پزیشکی لە ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە بەشێک لە کەرەستە و بەرهەمەکانی جوانکاری دەبنە هۆی برینداریی مەترسیدار بۆ سەر چاو، توێژەران لە شیکردنەوەی داتاکانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی ئەمەریکا لە نێوان ساڵانی (2005 تا 2024) بۆیان دەرکەوتووە کە نزیکەی 42 هەزار و 500 کەس بەهۆی پێکرانی چاوەوە لە کاتی بەکارهێنانی کەلوپەلی جوانکاری و چاودێریی کەسی سەردانی پزیشکیان کردووە، کە مەترسیدارترینیان: سپڕای قژ، چەسپی برژانگ، بۆیەی نینۆک و ئامێرە گەرمەکانی تەسریحکردنی قژ بوون.

ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە کە 82%ـی تووشبووان لە ڕەگەزی مێ (ئافرەتان و کچان) بوون، لە کاتێکدا نزیکەی (25%) حاڵەتەکان منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵان بوون، هەروەها دەرکەوتووە مەترسیی سەرەکی بۆ سەر منداڵان بریتی بووە لە سووتانی کیمیایی، بەڵام لە کەسانی پێگەیشتوودا برین، شینبوونەوە و ڕووشانی چاو زۆرترین بووە بە ڕێژەی 56%، هاوکات 22%ـی پێکانەکانیش بەهۆی سووتانی گەرمییەوە بووە بە ئامێرەکانی قژ.

لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە کەرەستەکانی جوانکاری لە شوێنی دوور لە دەستی منداڵان دابنرێن و بە وریایی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئامێرە گەرمەکانی قژدا بکرێت، بەتایبەتی جەخت لە پێویستیی چاودێریکردنی منداڵانی بچووک کراوەتەوە، چونکە دەرکەوتووە 70%ـی ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵە و تووشی پێکان بوون، بەبێ چاودێریی کەسانی پێگەیشتوو ئەو کەرەستانەیان بەکار هێناوە.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.