بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە سەرجەم بازرگان و فرۆشیاران کە بە بیانووی گۆڕانکاری لە بەهای دۆلار، نابێت هیچ جۆرە کاڵا و شتومەكێك لە بازاڕەکاندا گران بکەن، بەپێچەوانەوە سزای توندی سەرپێچیکاران دەدرێت.
نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕایدەگەیەنێت: دابەزینی بەهای دینار نابێت کاریگەریی دەستبەجێ لەسەر بازاڕ دروست بکات، چونکە ئەو کۆگا و کاڵایانەی پێشتر هاوردەکراون، تا نزیکەی 2 مانگی دیکە بەشی پێداویستیی تەواوی هاووڵاتییان دەکەن، بۆیە پێویستە لەو ماوەیەدا سەرجەم نرخەکان وەک خۆیان بە جێگیری بمێننەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد: لێژنەکانی چاودێریی بازاڕ بەردەوام پشکنین بۆ پسوولەی کڕین و فرۆشتنی مارکێت و کۆگاکان دەکەن، هەر کەسێک بە نایاسایی نرخ بەرز بکاتەوە، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و سزای دارایی دەبێتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل جەختیشی كردەوە كە بۆ پاڵپشتیی بازرگانان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵە بۆ کەمکردنەوەی باج و ڕسووماتی گومرگی تا بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان دروست نەبێت.
ئەم لێدوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەكاتێكدایە کە بەپێی بڕیارێکی نوێ لە بەغدا، نرخی فەرمیی فرۆشتنی 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ هاووڵاتییان لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 152 هەزار دینار بەرزكراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.