وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارێکی گرنگی دەرکرد سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی نوێی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی پێشووی تایبەت بە ڕسوماتە گومرگییەکان.
بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 544 کە لە دانیشتنی 06-10-2026 دەرچووە، بڕیار دراوە نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و نرخەکە بۆ هەر دۆلارێک دیاری کرا بە 1,500 دینار.
هاوکات، وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، بڕیار دراوە کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە 413ـی ساڵی 2026 ڕابگیرێت، کە تایبەت بوو بە وەرگرتنی پێشوەختەی ڕسوماتە گومرگییەکان.
ئەم بڕیارانەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە کە حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات جۆرێک لە سەقامگیری لە بازاڕی دراودا دروست بکات و بارگرانییە داراییەکانی سەر بازرگانان لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی وەرگرتنی پێشوەختەی ڕسوماتە گومرگییەکان کەم بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.