پۆلیسی فیدڕالیی عێراق بۆ ئەمشەو بەفەرمی قەدەغەی هاتوچۆ لە سنووری شارۆچكەی حەویجە لە سنووری پارێزگای كەركووك راگەیاند، قەدەغەكە لە كاتژمێر 6ی ئێوارە تاكو 6ی بەیانی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەم ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆیە لە كاتێكدایە كە شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش لە گوندێكی سنووری شارۆچكەی حەویجە هێرشیان كردبووە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی فیدڕالی و بەهۆیەوە كارمەندێكی پۆلیس كوژرابوو و چواری دیكەش بریندار ببوون.
پۆلیسی فیدڕالیی عێراق لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆی ئەمشەو رایگەیاند: بۆ ماوەی 12 كاتژمێری بەتەواوی كارا دەبێت و هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و ماتۆڕسكیل دەگرێتەوە.
پۆلیسی فیدڕالی هەروەها داوا لە هاووڵاتییان كرد پابەندی ڕێنماییەکان بن و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بكەن لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی خەڵكی ناوچەکە بە گشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.