بە پێی ڕاگەیەنراوێکی دەزگای گشتیی ئاسایشی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجە، لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی وردی هەواڵگریدا کە 96 کاتژمێری خایاند، توانییان گرووپێکی تیرۆریستیی داعش هەڵبوەشێننەوە و 22 تۆمەتبار دەستگیر بکەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەم گرووپە کە بە "کەتیبەی 5ی سەر بە ویلایەتی کوردستان" ناسراون، پلانیان هەبووە بۆ خۆڕێکخستن و وەرگرتنی بەیعەت لە ئەندامانی گرووپەکە، دانانی بۆمب و ئەنجامدانی تەقینەوە لە پارێزگای هەڵەبجە، چاودێریکردن و تەقەکردن لە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی مەشق و ڕاهێنان، دروستکردنی ئەمارەتێک لە ناوچەکانی هەورامان یان شارەزوور، بەستنەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە کوردستان و عێراق بە تیرۆریستانی دەرەوە، کۆکردنەوەی پارە بە مەبەستی کڕینی چەک.
هەر بە گوتەی دەزگای گشتیی ئاسایش لە سلێمانی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە چەک و کەرەستەی سەربازیدا گیراوە، لەوانە: 1 چەکی ئاربیجی و 3 گولــلە و 5 حەشوە، 1 گولــلە هاوەن، 6 بۆمبی دەستی، 6 چەکی کڵاشینکۆف و 13 مەخزەن و 300 فیشەک، 2 دەمانچە و 100 فیشەک، لەگەڵ کامێرایەکی چاودێری و دووربینی سەربازی و جلوبەرگی تایبەت.
تۆمەتباران بەپێی ماددەی 2ی تیرۆر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.