توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن زانکۆی ئۆکلاندی تەکنەلۆژیاوە ئەنجامدراوە، دەریخستووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان فشاری دەروونی (ستریس)، دڵەڕاوکێ و سەختیی وازهێنان لە شەکردا هەیە.
رێمکی بیکەر توێژەری بواری دەروونناسی و دەمارناسی، ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی پێش ئەوەی هەوڵی وازهێنان لە شەکر بدەن، ئاستێکی بەرزی فشار و دڵەڕاوکێیان هەبووە، زیاتر ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە لە ڕاگرتنی خواردنی شیرینی. لەم توێژینەوەیەدا، 203 بەشداربوو لە ماوەی 14 ڕۆژدا چاودێری کران و ڕۆژانە 5 جار زانیارییان لەبارەی دۆخی دەروونی و حەزیان بۆ شیرینی پێشکەش بە تیمەکە دەکرد.
بەپێی ئەنجامەکانی توێژینەوەکە، ئەو کەسانەی پێشتر بڕێکی زۆرتریان لە شەکر بەکارهێناوە، یان متمانەیان بە خۆیان نەبووە کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی خواردنیان بکەن، زیاتر لەوانی دیکە تووشی کێشە بوون لە کاتی هەوڵدان بۆ وازهێنان.
نزیکەی 1 لەسەر 3ی بەشداربووان توانیویانە لە ماوەی 2 هەفتەکەدا بە تەواوی خۆیان لە شەکر بەدوور بگرن. ئەوانی دیکەش کە نەیانتوانیوە بە تەواوی لێی دوور بکەونەوە، توانیویانە کەمیکەنەوە، بەجۆرێک بە تێکڕا لە 14 ڕۆژدا تەنیا لە 2 ڕۆژیاندا شەکر یان شیرینییان خواردووە.
توێژەرەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت خواردنی شەکر بە فەشەل دابنرێت، تەنانەت ئەگەر جارێکیش بووبێت. بیکەر دەڵێت: گرنگە وا هەست نەکەین کە تەنیا ئەگەر توانیمان بە تەواوی واز لە شەکر بهێنین ئەوا سەرکەوتووین، بەڵکو دەبێت ئەوەش بە سەرکەوتن دابنێین کە توانیومانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکەینەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.