خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان
لەدواى گۆرانى ( ڕاز) ەوە ، دوورکەوتنەوە لە هونەرى گۆرانیگوتن ..؟!
بەپێویستم زانى دواى چەندین ساڵ دابڕانى هونەرمەند خەلیل محەمەدعەبدولڕەحمان لەبوارى هونەرى گۆرانیگوتن ، دیدارێکى لەگەڵ دا سازبکەم و کێوماڵێک بەنێو ژیانى کۆمەڵایەتى و هونەریی و ژیان و کارە هونەرییەکانى بەنەوەى ئەمڕۆ ئاشنابکەم ، لەدەستپێکى دیدارەکەمدا لەهونەرمەندم پرسیی :
خەلیل عەبدولڕەحمان کێ ؟
وەڵام : لەدەستپێکى کارى هونەریم و لەتیپى مۆسیقاى یەکێتى قوتابیانى کوردستان کارى هونەریمان دەکرد و دواتر بۆ مەبەستى تۆمارکردنى بەرهەمى هونەریی چووین بۆتەلەفزیۆنى کەرکووک ، گرفتەکە لەتەلەفزیۆنى کەرکووکەوە دەستى پێکرد ، لێرەشەوە دەمەوێت ئەوهەڵەیە ڕاست بکەمەوە و چیتر ئەو زوڵمە لەناوى باوکم نەکرێت هەرچەندە بەدەست خۆم نەبوو ، من خەلیل عەبدولڕەحمان نیم ..! بەڵکو ناوى دروستم ( خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان) ە.
کاتێک چووینە تەلەفزیۆنى کەرکووک لەکاتى تۆمارکردنى گۆرانییەکە خاتوونێک لەوێ کارى دەکرد ناوى ( سامیە ئەترەش) بوو لەکاتى نووسینى تایتڵ بۆ گۆرانییەکە ئەو سامیە وتبووى ئەوە چییە سلێمانى ناوى محەمەدى زۆرە؟! تێنەگەیشتم مەبەستى چى بووە ؟ ناوى محەمەدەکەى لابردبوو ، ناوم بە خەلیل عەبدولڕەحمان تۆمارکرابوو وە بەو ناوەوە گۆرانییەکە دابەزی ، لەو کاتەوە لەکارى هونەریی بەردەوام بووم و بەشدارى بۆنەو ئاهەنگەکانى ئەو سەردەمەم لەگەڵ تیپى یەکێتى قوتابیانى کوردستان دا دەکرد لەنێو دۆست و هاوڕێیان و نێوەندە هونەرییەکە لەوڕۆژەوە بووم بە خەلیل عەبدولڕەحمان.
پرسیار : خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان ، ساڵى چەند بەدنیا هاتوون و لە چ گەڕەکێکى شارى سلێمانى ؟
وەڵام : بەڵێ من لەساڵى (1954) لەگەڕەکە دێرینەکەى ( چوارباخ) بەرامبەر یاریگاى سلێمانى ( مەلعەبەکە) لەو گەڕەکە میللییە لەدایکبووم . لەو گەڕەکە چاوم کردەوە و گەورە بووم ، لەمنداڵیدا دەردەکەوێت کە ئەو کەسە حەزو خولیاو ئارەزووى لەچییە؟ ئەو کاتە من زۆر حەزم لە نواندن بوو .
پرسیار : پێکهاتەى خانەوادەکەتان چۆن بوو ؟ واتە چەند کەس بوون؟
وەڵام: ئەوەى ڕاستى بێت لەخانەوادەیەکى هەژار و کەم دەرامەت دا گەورەبووین ، هەروەها کرێنشینیش بووین و باوکم کەسێکى زەحمەتکێش و ماندووى دەستى ڕۆژگار بوو ، دەربارەى خوشک برا ، برایەکم هەیە زۆر لەخۆم بچووکترە و هەروەها چوار خوشکیشم هەیە،
پرسیار : وەک هەرمنداڵێکى ئاسایی لەتەمەنى شەش ساڵیدا، واتە ساڵى (1960بۆ 1961) خراویتەتە بەرخوێندن، ئەگەر بێتەوە یادت یەکەم قوتابخانە کەتێیدا فێرى ئەلف و بێى کوردى و تێیدا پەروەردە بوویت ناوى چى بوو؟
وەڵام : بەرلەوەى وەڵامى پرسیارەکەت بدەمەوە ، بەپێویستى دەزانم ئەوە بڵێم ، داواى لێبوردن دەکەم ئەگەر وەڵامەکانم کەم و کوڕیی یان ناو و ساڵ بەدروستى نەڵێم یان هەڵە بکەم ، لەبەرئەوەى تەمەن هەڵکشاوە و لەسەر و حەفتا ساڵەوەم ، لایەنى دووەم سوپاس بۆ پەروەردگار کەئێستا لەژیاندام ، چەند ساڵێک لەمەوبەر دووچارى ( پژانى مێشک _ جەڵتەى دەماغ) بووم ، دەتوانم بڵێم مێشکم فۆرمات بۆتەوە ،
بەداخەوە کەتۆ کرێچى بوویت تاسەر لەیەک گەڕەک و یەک قوتابخانە نامێنیتەوە، بەهۆى گواستنەوەى ماڵەوە هاتینە گەڕەکى ( سەرشەقام) ، یەکەم قوتابخانە کە تێیدا چاوم کردەوە قوتابخانەى ( خالیدیە) بوو، خالیدیە ئەوکاتە لەبەینى شیوى قازى و خانەقا دابوو ، ئەو کاتە مامۆستا ( فەریق حەمە فەرەج کاکەزاڵ) لەو قوتابخانەیە بوو، لەوێ ناوم نووسرا و تا پۆلى شەشەمى سەرەتایم لە خالیدیە تەواو کرد .
پرسیار : دواى تەواوکردنى قۆناغى سەرەتایی درێژەت دا بەخوێندن و بچیتە قۆناغى ناوەندى ؟
وەڵام: نەخێر بەداخەوە لەبەرئەوەى خانەوادەیەکى هەژار و کرێچى و زۆربووین ، دەبوو لەهەوڵى دابینکردنى ژیاندابین ناچار دەستەبەرداى خوێندن بووم .
جەمالى دەلاک : ناچاربوویت شان بدەیتە بەرکارکردن و هاوکارى خانەوادەکەت بکەیت ..!
_ بەڵێ پێویست بوو لەبەر ئەوەى بژین ! ناچاربووم واز لەخوێندن بهێنم، بەداخەوە من تاپۆلى شەشەمى سەرەتایم خوێندووە.
پرسیار : هەستى هونەریی لەچ قۆناغێکى تەمەنتان دەستى پێکرد،کاریگەرى ژینگەى گەڕەک یان خانەوادەکەتان بوو یان لەقۆناغى سەرەتایی دا کاریگەرى مامۆستاى هونەر بوو،لەوانەکامیان بوو؟
وەڵام : دەتوانم بڵێم هەرلەتەمەنى منداڵییەوە هەستم دەکرد بەهرەیەک لە ناخمدا خۆى مەڵاس داوە ، هەرچەندە پێشتر باسم کرد لەسەرەتاى بوونى ئەو بەهرەیە لەجەستەمدا زیاتر هونەرى نواندن پەلکێشى دەکردم ، بەڵام لە کۆڵان لەناو هاوڕێکانمدا یان لەدەشت و دەر گۆرانیم دەگووت، لەوسەردەمە منداڵانى گەڕەک دواى نانى ئێوارە، شەو دەهاتینە دەرەوە یاریمان دەکرد و منیش گۆرانیم دەگووت ، هاوڕێکانم پێیانخۆش بوو هانیان دەدام، دواى ئەوە چاوم کرایەوە و زیاتر دەوروبەرى خۆمم ناسیی ، بیستم تیپێک دروست بووە، ناویان نابوو تیپى نواندن و مۆسیقاى مەولەوى ، مەبەست لەتیپى مۆسیقاى مەولەوى ساڵى (1955) نا کە هونەرمەندانى گەورەى وەک مامۆستا( ولیەم یوحەننا1934_14/9/2005) و( قادر دیلان 1928_18/3/1999) دیارە لەخۆشەویستى ئەو هونەرمەندە نەمرانەوە ئەو ناوەیان نابوو، کوڕێک هەبوو ناوى ( سەردار) بوو یادى بەخێر ئەویش هەرلەوگەڕەکەى ئێمەدا بوو ، سەردار ڕۆژێک هات پێی وتم بۆنایەیت لەگەڵ ئێمەدا کارى نواندن بکەیت ، منیش بەپێشنیازەکەى ڕازى بووم چونکە خۆم حەزم لەنواندن بوو ، کاتێک کەچووم ئەو ئازیزانەش لەو تیپەدا بوون وەک ( حسێن قەرەداخى1951_19/3/1996 ) یادى بەخێر، (فریادخەلیل، جەزا ، دلێر مستەفا و بێستوون گورجى) داواى لێبووردن دەکەم کە ناوی هەندێک لەو ئازیزانەم لەیاد کردبێت .
جەمالى دەلاک : ناوهێنانى ئەو بەڕێزانە ئەوەش بەشێکە لەوەفا و فەرامۆش نەکردنیان ، لەگەڵ ئەو کەسایەتیانە دەستت کرد بەکارى هونەریی ؟
خەلیل : بەڵێ دەستم کرد بەکارى نواندن ، لەو سەردەمەدا هەرچالاکییەکى هونەریی هەبووایە ، سەرەتا موزیک و گۆرانى لەپێش کارى نواندنەوە بوو، چالاکیی خۆیان پێشکەش دەکرد و دواتر کارى شانۆیی دەستى پێدەکرد .
کارێکى شانۆیی ئامادەکرابوو ئێمە پرۆڤەمان دەکرد لە (هۆڵى ئامادەیی سلێمانى کوڕان) ، بەڵام لەگەڵ کارى نواندنەکە هونەریی گۆرانیگوتنیش حەزو ئارەزووم بوو ، پێشتر گۆرانیم خوێندبوو بەڵام من زیاتر لەژێر کاریگەرى دەنگى هونەرمەندى نەمر ( حەسەن زیرەک 29/11/1921_26/6/1972) دابووم،زۆر زۆر سەرسام بووم بەدەنگ و هونەرەکەى ، تەنانەت دەفتەرێکى بچوکم هەبوو ، ڕۆژانە گوێم لەگۆرانییەکانى مامۆستا حەسەن زیرەک دەگرت ، بۆنموونە لەدەستپێکەوە تا کۆتایی گۆرانییەکە شیعرەکەم دەنووسیەوە لەناو ئەو دەفتەرە بچووکە ، بۆئەوەى هەڵە نەکەم سوودم لەو دەفتەرە بچووکە وەردەگرت لەکاتى وتنەوەى گۆرانییەکانى مامۆستا حەسەن زیرەک ، ئیتر بەوشێوەیە بەردەوام بووم ،
پرسیار : یەکەم نمایشى شانۆیی کە چوویتە سەرشانۆ دێتەوە یادت ناوى چى بوو وە ساڵى چەند بوو ؟
وەڵام : یەکەم بەشداریکردنم لەکارى نواندن لەساڵى (1968) بوو ، ناوى شانۆگەرییەکە ( داسەکەى شاسوار) بوو لەنووسینى ، نووسەر و دەرهێنەر ( ئەمینى میرزاکەریم ) بوو ئەوکاتە تەنها تاکە هۆڵى نمایشکردنى چالاکى هونەریی لەشارى سلێمانى هەر هۆڵى ئامادەیی سلێمانى کوڕان بوو.
پرسیار : لەو شانۆگەرییەدا ڕۆڵى چ کەسایەتییەکتان دەبینى ؟
وەڵام : ئەوەى ڕاستى بێت ئەو کاتە تەمەنم لەنێوان (14 بۆ 15) ساڵ بوو گەنجێکى جوان بووم ، ڕۆڵى ژن یان دا بەمن ، ڕۆڵى دایکى قوتابیەکەم دەبینى ، بەداخەوە بەهۆى داب و نەریتى کۆمەڵایەتى ئەو ڕۆڵ بینینەى من زۆر جار بووە هۆکارى تانەو تەشەر بەرامبەر بەدایکم و خانەوادەکەم و لەناو گەڕەک پێیان دەووتن ئەگەر کوڕەکەتان کوڕ بووایە ڕۆڵى ئافرەتى نەدەبینى ؟!
دێتەوە یادم لەو کاتەدا هونەرمەند ( شەماڵى عەبەڕەش) تیپێکى دامەزراندبوو ناویان نابوو ( سۆران) ،هەردوو لامان لەبینایەک لەکۆتایی کانیسکان دوو ژوورمان گرتبوو وەک بارەگاى تیپ.
لەو کاتەشدا لەلایەن دەسەڵاتەوە زۆر بوارى کارکردنیان نەدەدا دەبوو بەڕەزامەندى ئەوان بێت ، لەوکاتەدا شۆڕش بوو تاوانى ئەوە دەدرایە پاڵ ئێمەو تیپە هونەرییەکانى تر گوایە پارە کۆدەکەنەوە بۆهاوکارى شۆڕش دەکەن! تەنانەت دەرفەتى کارى هونەرییان ئەوەندە بەرتەسک کردەوە و لە ژوورەى گرتبوومان بەکرێ، دەریان کردین و لەکارى هونەریی وەستاین تا ساڵى (1970) .
پرسیار : لەدواى بەیانى (11ى ئازارى 1970) دەرفەتێک بۆ کوردستان ڕەخسا و لەپاڵ ئەو ئارامییەى کوردستانى گرتەوە، کایەکانى هونەر و وێژەو نووسین گەشەیان کرد ، ئێوە لەو تیپەدا درێژەتان بەکارى هونەریی دا ؟
وەڵام : خۆشبەختانە لە ساڵى(1970) خاڵى وەرچەرخاندن و کرانەوەیەک بوو بۆ هەموو کایە هونەرییەکان لەدواى بەیانى یانزەى ئازار (تیپى مۆسیقاى یەکێتى قوتابیان) دامەزرا ، ئێمەش چووینە ناو ئەو تیپە و دەرفەتى زۆرترمان بۆ ڕەخسا و بەهەموو شێوەیەک پشتگیرییان دەکردین ، لەوێ شانۆگەرییەکمان ئامادەکرد بەناوى ( تۆڵەیەک بەخوێن شۆراو) لەنووسینى هونەرمەندى خوالێخۆشبوو ( حسێن قەرەداخى) بوو ، لەدەرهێنانى هونەرمەند ( ئاسایش دانش) بوو، لەو شانۆییەدا من ڕۆڵى ( شیروان) م دەبینى ، لەکاتى پرۆڤەکردنى ئەو شانۆگەرییەدا شەو دەماینەوە بێ خەم بووین لەکاتى پشووەکاندابەتایبەت شەوان گۆرانی مان دەگووت، لێرەوە گۆڕانکاریی لەژیانى هونەریی منەوە دەست پێدەکات لەنواندنەوە بۆ گۆرانى خوێندن ، پرۆڤەشمان لەئامادەیی سلێمانى دەکرد، هونەرمەندى شەهید ( سۆرانى سەڵتە 1950_24/4/1974) (*) . خواى گەورە لێیخۆشبێت لەگەڵ هونەرمەند (جەمال سابیر) سوپاس بۆ خوا لەژیاندایە ، ئەو کاتە بەرپرسیی قوتابیانى کوردستان بەڕێز (دلێر ڕەشید) بەدلێرى ڕەشییە فەنى بەناوبانگ بوو، بەڕێزیان وەک بەرپرسیی قوتابیان سەردانى دەکردین تا ئاگاداربێت چى دەکەین و بەچییەوە سەرقاڵین ! لەیەکێک لەوشەوانەى دەماینەوە بۆ پرۆڤەکردن ، کاتێک هات من گۆرانیم دەگووت ، ڕاوەستا و گوێی دەگرت بەڵام کاتێک لێم ڕووانى سەیرى منى دەکرد و هەستى ڕاگرتبوو ؟! دیار بوو گۆرانى خوێندنەکەم سەرنجى ڕاکێشابوو
بۆ بەیانى بە کاک سۆرانى سەڵتەى وتبوو ، ئەمشەو کوڕێک گۆرانى دەگووت و دەنگیشى زۆر خۆشبوو ، یەک دوو گۆرانى گووت و تەنانەت مەقامیشى خوێند ، بۆ نایهێنیت بۆناو تیپى مۆسیقا ،
بۆبەیانى لەپرۆڤەکردن تەواو بووین و کاتى پشوومان بوو، من مەقامێکى هونەرمەند حەسەن زیرەکم دەووت ( ئەى نائومێدى ،،ئەى نائومێدى ئەى ڕەنجەڕۆیی و دڵ نائومێدى ) ، هەرچەندە ئەوەم لەتەلەفزیۆنى کەرکوک تۆمارکردووە ،
لەو کاتەدا هونەرمەند سۆرانى سەڵتە هەزارجار یادى بەخێر بەخۆیی و کەمانەکەیەوە هات ، لەگەڵ خوێندنى مەقامەکە ئەویش بەدەست و پەنجە زێڕینەکەیى و کەمانەکەى دەستى کرد بەژەنینى موزیک، کەگوێم لەسۆڵۆى کەمانەکە بوو زیاتر نەشئە گرتمى و بەجۆشتر بووم لە خوێندنى مەقامەکەو دواتر بەستەکە ، ئەوە بووە هۆى ئەوەى پرۆڤەى شانۆکە ڕاوەستا، بوو بە بەزمى گۆرانى گووتن ، گۆرانى ( ئەى گوڵى من ، بولبوومى من) م تەواو کرد نەخێر مۆسیقاى گۆرانى ( لایەلایەت بۆدەکەم) ى لێدا ، ئەو گۆرانییە یەکێکە لەگۆرانییە خۆشەکانى هونەرمەند حەسەن زیرەک ئەو کاتە زۆر باوى بوو ، دەتوانم بڵێم من یەکەم کەس بووم لەسەر شانۆ ئەو گۆرانییەم خوێند پێش هونەرمەندى ئازیز ( عەبدولقادر حەسەن) داواى لێبووردنى لێدەکەم ، دواتر کەچووین بۆ تەلەفزیۆنى کەرکوک کاک سۆرانى سەڵتە وتى : با کاک عەبدولقادر حەسەن ئەو گۆرانییە بخوێنێ .
لەوێدا زۆر هانیان دام کە گۆرانى بڵێم ، سەیر لەوەدابوو من ڕۆڵیشم هەبوو لەشانۆگەرییەکەدا ، پێم وتن فریاى نواندن و گۆرانی خوێندن بەیەکەوە ناکەوم ..!
وتیان : گرفت نییە گۆرانى و موزیک پێش نواندنە ، تۆ دەخەینە یەکەم کەس گۆرانییەکە بخوێنەوە و دواتر خۆت بگۆڕەوە ئامادەبە بۆ شانۆگەرییەکە ، کاتێک بەرنامەى گۆرانیگوتن دەستى پێکرد ، بەرهەمەکەى خۆمم پێشکەش کردو دواتر شانۆگەرییەکە ، سوپاس بۆ خواى گەورەو پشتیوانى هاوڕێکانم توانیم سەرکەوتن و پشتگیرییەکەى زۆر بەدەست بهێنم .
پرسیار : بۆیەکەم جار وەک گۆرانیبێژ چویتە سەرشانۆ ، گرووپێکى موزیک لەپشتەوە کارى موزیک بۆ بەرهەمەکەت ئەنجام دەدەن ، وەک یەکەم جار لەگەڵ گرووپى موزیک و لەبەردەم ئامادەبوانێکى زۆر دا هەستت بەچى کرد ؟ شڵەژان و بارودۆخێکى دەروونى هەستى داگیر نەکرد؟
وەڵام : هەرچەندە پێشتر لە دەشت و دەر لەبەردەم خەڵک گۆرانیم گوتووە .
جەمالى دەلاک : بەڵام ئەمەیان جیاوازە ، چونکە تۆ گرووپى موزیکت لەگەڵدایە ؟
خەلیل : بێگومان ئەمەیان جیاوازە ، بەڵام تووشى بارێکى دەروونى ببووم لەسەر شانۆکە نەدەوەستام و هاتووچۆم دەکرد ، کاک سۆرانى سەڵتە هەستى پێکردم و وتى ئەوە بۆ واشڵەژاویت ؟ سەیرى ئەو گڵۆپانە بکە و بزانە ڕووناکى گڵۆپەکان دەهێڵێ ئامادەبووان ببینى ، بلاجیکتۆرەکان ڕوویان لەتۆیەوە جمهور نابینى و خۆت ئارام پیشان بدە ، بەڵام شتێکى خۆش لەو کاتەدا بەدایکم یان وتبوو ئەمڕۆ خەلیلى کوڕت گۆرانى دەڵێت و مۆسیقاى بۆ لێدەدەن..! برادەرێکى خۆم هات و پێی وتم دایکت لەناو هۆڵەکە دایە ، کاتێک پەردەى شانۆ کرایەوە و بوو بەچەپڵە ڕێزان ، منیش هەموو سەرنجم لەسەر ئەوەبوو لەناو ئامادەبوواندا دایکم ببینم ،
دایکم خەڵکى گەرمیانە بەو پۆشاکە جوانە گەرمیانیەوە هاتبوو ، لەبەردەگاى هۆڵەکە لێیان پرسیى بوو دایەگیان بۆ کوێ دەچیت ؟ ئەویش وتبووى ئەمڕۆ کوڕەکەم گۆرانى دەڵێت و منیش هاتووم بیبینم !
لێیان پرسیی بوو کوڕەکەت کێیە؟
وتبووى : کوڕەکەم ناوى خەلیلەو پێمخۆشە بیبینم ،
ئەوانیش ڕێزیان لەتەمەنى و هەستى ئەو دایکە گرتبوو هێنابوویان لەڕیزى پێشەوە دایان نابوو ،
باوەڕت هەبێت دواى ئەو هەموو ساڵە ئەو دیمەنە دێتەوە بەرچاوم قوڵپى گریانم دێت ( فرمێسک بەچاوەکانیدا هاتنە خوار)
بینینى دایکم لەهۆڵەکەدا و منیش لەسەر شانۆ ، هەست و هێزێکى زۆرى دامێ ، من ناڵێم پێشتر ئەوەندە گۆرانبیێژ و مەقامبێژێکى بەتوانا بووبێتم بەڵام سەرنج و ئامادەبوونى دایکم لەهۆڵەکەدا زیاتر ئیلهام و جۆش و خرۆشی دەدامێ ، لەکاتى گۆرانییەکەدا چونکە نێوانى شانۆکە و ڕیزى پێشەوە ماوەى ئەوەندە نەبوو لەناو ئەو هەموو ئامادەبووانە گوێم لەدەنگى دایکم بوو وتى: ( بەقوربانى دەنگ و ئەو باڵایەت بم) ئەوەندەى تر هانى دام و بەمتمانەوە گۆرانیەکە بخوێنم ، دواتر کاک سۆرانى سەڵتە وتى : خەلیل گیان کاتێ گۆرانیت دەووت و منیش و برادەران موزیکمان دەژەنى سەرنجمان لەسەر تۆبوو ، تۆش تەرکیزت لەسەر ئەو ئافرەتە بەتەمەنەبوو بەو جل و بەرگە کوردەوارییە جوانە کەلەپێشەوە دانیشتبوو ، ڕاستەوخۆ وتوومە ئەمە دایکیەتى بۆیە خەلیل ، لەقەرار و جواب و بەرز و نزمى گۆرانییەکە تۆ خەلیلێکى تر بوویت ، زۆر بەجوانى گۆرانییەکەت ووت وشەکانت ئەڕازاندەوە ،هەستم دەکرد گۆرانییەکە تەنها بۆئەو ئافرەتە دەڵێت کە لەڕیزى پێشەوە دانیشتبوو.
پرسیار : لەو ئاهەنگەدا کام گۆرانى بوو خوێندت؟
وەڵام: گۆرانى( ئەى گوڵى من بولبوولى من ) ، گۆرانى مامۆستاى نەمر حەسەن زیرەک بوو ، هونەرمەند سۆرانى سەڵتە ئامادەو دابەشکردنى موزیکەى کردبوو.
پرسیار : لەو ئاهەنگەدا بەیەک بەرهەم بەشداربوویت ؟
وەڵام : نەخێر دوو گۆرانى داوى تەواو بوونى گۆرانى ئەى گوڵى من ، بووبەچەپڵە ڕێزان ، بەدواى ئەودا مادەى دووەهەمیشم خوێند ئەویش گۆرانى لایەلایەت بۆدەکەم. ئەو دوو گۆرانییە ئەو سەردەمە دووشاکار بوون ، خۆش نییە بەدەمى خۆم بڵێم ، ئەو کاتەى من ئەو دوو گۆرانییەم خوێند ، یەکێک لە بەڕێزانە ( کەمالى حەسەن چاومار) جێگرى کاک دلێر ڕەشید بوو لەقوتابیان ، زۆر بەدەم خواستەکانمانەوە بوو ، ئەیووت کاتێک گۆرانییەکانت ئەووت ، وام هەست دەکرد هونەرمەند ( حەسەن زیرەک) لەسەر شانۆکەیە و ئەو گۆرانییانە دەڵێت،
( پرسیم لەبایەقووش براى هاودەردم
لەجیهان بێزار هەم ڕازى مەرگم .....
مامۆستا حەسەن زیرەک لەوێدا دەڵێت ....
وتى ....
کاک کەمالى حەسەنى چاو مار وتى: تەنانەت ئەو وشەیە ( وتى ) بەهەمان تۆن و دەنگى ئەو وتتەوە ..!
لێرەوە ئەوە دەڵێم سوپاسى هەستى کاک کەمال دەکەم بۆ ئەو خوێندنەوەیە ، من یەکێکم لەقوتابیەکانى قوتابخانە نەمرەکەى حەسەن زیرەک و هیچ کات ناتوانم دەنگى خۆم بە دەنگ و هونەرى ئەو وێنا بکەم و لەوئاستەدا نیم ، بەڵام ئەوە خوێندنەوەى کاک کەمال بووە لە ڕۆژەدا ، هەروەها سوپاس بۆ کاک دلێر ڕەشید و کاک کەمال پشتیوانمان بوو لەڕاپەڕاندنى کارە هونەرییەکانمان لەیەکێتى قوتابیانى کوردستان .
لەو کاتەوە زیاتر ناسرام و دەتوانم گۆرانى بڵێم ، ئەوەبووە هۆکار کەزیاتر لە لاى هونەرمەندان و مامۆستایانى موزیکژەن بناسرێم و نزیک ببمەوە ، خۆشبەختانە وێنەم هەیە وەک بەڵگە جێی شانازییە کە مامۆستایانى گەورە ( ولیەم یوحەننا) هەزار ڕەحمەتى لێبێت و مامۆستا ( خالید سەرکار) عەزفم بۆ دەکەن .
پرسیار : دواى نیوسەدە تپێەڕبوون بەسەر ئەو کارە هونەرییەو ئامادەبوونت لەسەر شانۆ ، چى بەو هونەرمەندە موزیکژەنانە دەڵێیت کە هاوکار و پشتیوانت بوون ؟
وەڵام: لێرەوە بەحورمەتەوە دەستى ماندوبوون و دڵسۆزییان دەگووشم و چاویان ماچ دەکەم ئەوانەى لەژیاندان ، ئەوانەشى بەجەستە بەجێیان هێشتووین و ناو و نازناویان بۆهەمیشە لەناو دڵ و دەروونماندا دەمێننەوە ، داواکارم لەپەروەردگار بەبەهەشتیان شاد بکات ، هەموو ئەو هونەرمەندە ژەنیارانە و هەروەها هەموو ئازیزانەى لەگۆرانییەکاندا کۆرس بوون ، بۆنموونە خوالێخۆشبوو کاکە ( عەتا چاوشین 1961_22/6/2020) ى جوانەمەرگ لەپشتى منەوە کۆرس بووە، بەدڵنیایەوە ئەگەر هەست و سۆزو دەست و پەنجەى ئەو هونەرمەندە ژەنیارانە نەبووایە بێگومان ئێمەش دروست نەدەبووین .
جەمالى دەلاک : هەمیشە دەڵێم هونەرمەندانى موزیکژەن بەردەوام کۆڵەکەو هاوکار و پشتیوانى هونەرمەندانى گۆرانیبێژ بوون لەسەر شانۆ ، لەبۆنەو ئاهەنگەکاندا .
وەڵام : بەدڵنیاییەوە ئەوان هەمیشە پشتیوانمان بوون.
پرسیار : دواى ئەو ئاهەنگە وبەشداریکردنتان و خوێندنى ئەو دووگۆرانییە ، چالاکى دیکەتان ئەنجامدا ؟
وەڵام : بەڵێ زۆر چالاکى ترمان ئەنجام دا ، بەشداربووم لەساڵیادەکانى دامەزراندنى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، لە قوتابخانەکانى شار بەبۆنەى یادەکانى نەورۆز و ئازارەوە چالاکییە هونەریەکانمان پێشکەش دەکرد ، هەربۆخۆشیی ئەوە دەگێڕمەوە هونەرمەند ( غازى بامەڕنى) لەسلێمانى شانۆگەرییەکى بەناوى ( ورچ) لەهۆڵى قوتابخانەى سەلاحەدین پێشکەش کرد، ئێمەش وەک قوتابیان چووبووین بۆ سەیرکردنى شانۆگەرییەکە ، لەدواى شانۆگەرییەکە پەلکێشى سەرشانۆیان کردم و گۆرانییان پێ خوێندم .
پرسیار : ئێوە وەک تیپى موزیکى یەکێتى قوتابیانى کوردستان ، هەوڵتان نەدا ئەو بەرهەمە هونەرییانە ببەنە تەلەفزیۆنى کەرکووک تۆماریان بکەن ؟
وەڵام : وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئێمە لەهەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانى و یادەکان لەوسەردەمەدا بەشداریمان هەبووە و چالاکى هونەریمان زۆر بوو ، کاک (دلێر ڕەشید ) داواى لە بەرپرسیى ئەوکاتەى لقى چوار کرد ، کە ڕەزامەندیمان لەتەلەفزیۆنى کەرکووک بۆ وەربگرێت بۆتۆمارکردنى بەرهەمەکانمان ، بەڵێ ڕەزامەندى وەرگیرا و چووین بۆتەلەفزیۆنى کەرکوک ، دەمەوێت سوپاس و پێزانین بۆ ماندوبوونى بەڕێز (هاشم جەباری) بێژەر، زۆر هاوکاری کردین لەکاتى تۆمارکردنی ئەو بەرهەمانە، ئەو کاتە جیا لەهونەرمەندانى تیپى موزیک، من بووم کامەران عوسمان ، عەبدولقادر حەسەن بوو ، دێتەوە یادم ئەو ڕۆژەى ئێمە ئەو بەرهەمانەمان تۆماردەکرد ، بەڕەحمەت بێت هونەرمەند ( عومەرخەزان1929_12/1/2008) لەوێ بوو، مامۆستا و هونەرمەند ( ئەنوەر قەرەداخى) بەئامێرى ( جومبووش) بەرهەمەکانى بۆ تۆماردەکرد ، هەرئەو ڕۆژە ئەو بەرهەمانەمان تۆمارکرد.
پرسیار : ساڵى چەند بوو تۆمارکردنى ئەو بەرهەمە هونەرییانە ؟
وەڵام : ساڵى (1972) بوو ، بەداخەوە بەهۆى نەخۆشیی و گواستنەوە لەم خانوو بۆئەو خانوو زۆر لەوێنەکانم فەوتاوە ، وێنەیەکم هەیە لەپشتى وێنەکە ڕۆژ و مانگ و ساڵى تۆمارکردنى ئەو کارە هونەرییانەم لەتەلەفزیۆنى کەرکووک لەسەر نووسیوە .
پرسیار : دواى نسکۆى ساڵى (1975) بەداخەوە تیپى یەکێتى قوتابیانى کوردستان نامێنێ و دواتر بۆ درێژەدان بەکارى هونەریی ڕووتان لەکوێ کرد؟
وەڵام : بەداخەوە بۆ ئەو کارەساتە ، دواى ئەوە ئاوارەبووین لەڕۆژهەڵاتى کوردستان و کاتێک گەڕاینەوە ، حیزبى بەعس ماوەى (2) ساڵ دوورى خستینەوە لەشارى ( ناسریە) لەباشوورى عێراق جێگیریان کردین بەناوى ( عائیدون)ەوە ،
دواى گەڕانەوەم بۆ شارى سلێمانى ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم پەیوەندیمان کرد بە کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى مەڵبەندى گشتى سلێمانى ، لەگەڵ هەردوو هونەرمەند ( حسێن قەرەداخى و فریاد خەلیل) ئەو کاتەى کەچووینە ناو کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى ، بەداخەوە برادەرانى تیپى موزیک جیاببوونەوە ، بەسەرپەرشتى هونەرمەند و مامۆستا ( نامدار قەرەداخى) تیپى موزیکى (مەولەوى) یان دامەزراندبوو .
جەمالى دەلاک : ئەوە لەساڵى (1977) دا بوو ؟
خەلیل : بەڵێ ساڵى ( 1977) بوو ، ئەو کاتە بەڕەحمەت بێت هونەرمەند ( نورى وەشتى 1935_ 12/5/2001) باوەشى بۆ گرتینەوە ، هەروەها بەڕەحمەت بێت مامۆستا عیزەت ئەحمەد، هونەرمەند عەبدولى حەمە جوان و کاک فایەق ، زۆر بەخێرهاتنیان کردین و ژوورێکیان بۆ دابینکردین ،
پرسیار : گرووپى موزیک سەرلەنوێ دامەزرایەوە ، کێ بوون ئەو هونەرمەندانە ؟
وەڵام : مامۆستا جەمال سابیر ماوەیەک هاتە ناو تیپەکەوە، کاک بێستوون گورجى ، کاک فەرەیدون محەمەد قادر ، سەلام حەمادى ، فەرهاد محەمەد قادر ، ئارى هەسین ژەنیارى ئۆرگ ، ئارى قادر برسی و دووبرادەرى خەڵکى بادینان یشمان لەگەڵ دابوو ، سەباحى سەنتوور ، سالار حەمادى و ئازاد حەمە کەریم ، زۆر داواى لێبوردن لەو ئازیزانە دەکەم کەلەئێستادا ناوەکانی هەموویان نایەتەوە یادم ، گرووپێکى موزیکى زۆر جوانمان دامەزراند .
پرسیار : ئەو تیپە موزکییە بەناونیشانى تیپى موزیکى کۆمەڵى و هونەر و وێژەى کوردى بوو .
وەڵام : بەڵێ هەربەو ناونیشانەو بەهاوکارى ئەو دەست و پل و پەنجە هونەرییە جوانانە توانیمان بەردەوام بین و کۆمەڵێک کارى نایاب و ناوازە پێشکەش بکەین ، لەهەمان کاتدا بەرنامەمان دانا کە بەرهەمە هونەرییەکانمان ببەینە تەلەفزیۆنى کەرکووک .
پرسیار : وەک گۆرانیبێژ لەگەڵ تیپى موزیکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى ، گۆرانیت تۆمارکرد؟
وەڵام : ڕۆژێک هونەرمەند ( فەرهاد محەمەد قادر) ئێستا لەوڵاتى ( ئوسترالیا) دەژى ، ئاوازێکى هێنا بۆ تیپ ، وتى : ئەم ئاوازەم هەیە پێم خۆشە بیخوێنى ، کاتێک گوێم لێبوو ، هەوڵم دا و خوێندم لەسەر هۆنراوەى فۆلکلۆر، من ناڵێم موزیکیم بەڵام تواناى ئەوەم هەبوو لەکاتى خوێندنى ئاوازەکە بەو هۆنراوە فۆلکلۆرییە گۆڕانێکم تێکرد و لەبەشێکیدا جەوابێکى بەرزم تێکرد و توانیم جوانکارییەک لەمیلۆدییەکەدا بکەم و دواتر بەدڵى هەمووان و مامۆستا فەرهادیش بوو ، لەکاتى پرۆڤەکردن لەسەر ئەو ئاوازە ، بەڕەحمەت بێت مامۆستا (عیزەت ئەحمەد کەریم1953_7/10/1991) ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەر گوێی لە میلۆدییەکەو دەنگى من بوو زۆرى لاپەسەندبوو ، بەڵام وتى خۆزگە لەسەر هۆنراوەیەکى جوانتر ئەو ئاوازەت بخوێندایە ،
بابێمەوە سەر تێکستەکە چۆن لەفۆلکلۆرەوە گۆڕدرا بۆ هۆنراوەى شاعیران ، لەو کاتە کاک ( ماجید عەبدوڵڵا حەمە ساڵەح ناسراو بە ماجیدى خەیات 1934 سلێمانى ) ئەو کاتە ئەندامى کۆمەڵ بوو ، مامۆستا عیزەت بانگى کرد و پێی وت : گوێ لەو ئاوازە بگرە ، ئەویش زۆر لەلاى پەسەند بوو ، داوایان لێکرد هۆنراوەیەکى بۆ بنووسێت ، دەست و پەنجەو خامەى خۆش بێت کاک ماجیدى خەیات ئەو تێکستە جوانەى بۆ نووسى و هێنای بۆ تیپ لەسەر ئەو تێکستە نوێیە پرۆڤەمان لەسەر دەکرد ، هەم میلۆدییەکە و هەم تێکستەکە زۆر خۆش بوو ، منیش زیاتر کاریگەرى لەسەر دانام و خوێندم .
پرسیار : ناوى گۆرانییەکە چى بوو ؟
وەڵام : بەناوى (بەهارى من ) بوو زیاتر بە ( بۆ لێم زیزى) ناسرا.
لەکاتى پرۆڤەکردندا بووین ، کاک نورى وەشتى هات کەگوێی لە گۆرانییەکە بوو ، زۆرى بەلاوە خۆش بوو وتى ئامادەى بکەن تا لەتەلەفزیۆن تۆماربکرێت ، هەرلەو کاتەدا کەئەو گۆرانییەم بەوشێوەیە خوێند و مافى میلۆدییەکەو تێکستەکەم دا لەکاتى ئەدا کردن ، برادەرانى تیپ پێکەوە پێیان وتم : کاکە ئیتر واز لەوتنەوەى گۆرانیی هونەرمەند حەسەن زیرەک بێنەوە ئەوە ڕێچکەو شێوازى تۆیە لەگۆرانى گوتن بەردەوام بە .
پرسیار : دەتوانین بزانین ساڵى چەند بوو؟ هیچ هونەرمەندى دیکە گۆرانییان تۆمارکرد؟
وەڵام : ساڵى (1977 بۆ 1978) بوو، من ئەو گۆرانییەم ئامادەبوو کاک ( جەمال شەریف) هەروەها برادەرێکى ترمان بەناوى کاک (نامیق سەعید ناسراو بە نامیقى زەڕەنگەر) گۆرانییەکى مامۆستا ( عەلى مەردان 1904_24/7/1981) بەناوى ( بۆلێم یاخى) ئامادەکرد، لەگەڵ ( عەبدوڵڵاى ئاسنگەر) بەداخەوە ناوى بەرهەمەکانى ترم لەیاد نییە ، هەموو مادەکان بوو بەکاسێتێک و چەند دانەیەکمان برد بۆ تەلەفزیۆنى کەرکووک ، لەدەرهێنانى ( حیکمەت زەنوون) تۆمارکرا .
پرسیار : ئەوکاتە ئەوبەرهەمانە لەتەلەفزیۆن کەرکوک بەفلتەردا تێدەپەڕى و دواتر بریارى تۆمارکردن دەدرا؟
وەڵام : بەڵێ هەروا بە ئاسانى ڕەزامەندى نەدەدرا ، دواى وەرگێڕانى تێکستەکە بۆ عەرەبى ئەگەر هیچ سەرنجێکیان لەسەر نەبووایە ئینجا بڕیاردەرا و ستۆدیۆ ئامادەدەکرا!
بەرلەوەى بەرهەمەکە ببەین بۆ تەلەفزیۆن ، دواى دڵنیابوون لە دەنگ و ئاواز و تێکستەکە بەرهەمەکەمان لەتیپى کۆمەڵى هونەر و وێژە لەسەر ( تێپ _ بەکرە) تۆماردەکرد .
پرسیار : کێ بوو ئەرکى تۆمارکردنى لەئەستۆ گرتبوو؟
وەڵام : هونەرمەند ( دڵشاد صدیق) بوو تۆمارى دەکرد.
پرسیار : بەچ ئامێرێکى تۆمارکردن ( گرۆندیک یان ئاکاى ) تۆمارى دەکرد ؟
وەڵام : بەئامێرى ئاکاى بەرهەمەکانى بۆتۆماردەکردین ، بەڵام هەندێکجار هانامان بۆ خوالێخۆشبووان ( جەلالى حاجى ڕەشید) و ( شێخ عوسمانى غەوسە) دەبرد لەبەرئەوەى شارەزابوون لەتۆمارکردن، ئەوانیش دڵسۆزانە هاوکارمان بوون.
پرسیار : ئەوسەردەمە هۆکارەکانى تەکنەلۆجیا بۆتۆمارکردن وەک ئێستا نەبوو ، کەچى لەڕووى دەنگەوە پاک و زۆر جوان تۆمارکراون ؟
وەڵام : بێگومان تەنانەت ئەو مایکەى ئەمڕۆ هەیە ، ئەو سەردەمە نەبوو ، پێمخۆشە بابەتێک بگێڕمەوە ئەو کاتەى لەیەکێتى قوتابیانى کوردستان بووین مایک نەبوو برادەرێکمان هەبوو ناوى (ئاوات) بوو تواناى هەبوو مایکى دروست دەکرد ، باشە بەچى ؟! مکەبەرەى ڕادیۆى بچووکى دەرهێنابوو ، لەوسەردەمەشدا خوێدان هەبوو خڕبوو ، دەیخستە ناو ئەو خوێدانەوە بەشیش ستاندى بۆ دروست کردبوو لەسەر شانۆ سوودمان لێدەبینى ،هەمیشە سوپاسى دەکەم لەوسەردەمەدا هاوکار و پشتیوانمان بوو.
پرسیار : ئەوە دووەم گۆرانیتان بوو لەتەلەفزیۆنى کەرکووک تۆمارتان کرد؟
وەڵام : بەڵێ ئەوە دووەم گۆرانیم بوو لەتەلەفزیۆن ( ئەى گوڵى من و بۆ لێم زیزى) لەساڵى (1977) ئاشنا ببووم بە ڕێکارەنى تۆمارکردنى بەرهەم لەستۆدیۆى تەلەفزیۆنى کەرکوک .
پرسیار : بەرهەمى دیکەتان تۆمارکرد دواى ئەو دوو گۆرانییە ؟
وەڵام : لێرەدا بەپێویستى دەزانم بەحورمەتەوە ناوى هونەرمەند و دەرهێنەرى بەتوانا ( ناسر حەسەن 1947 خانەقین ) بهێنم ، چونکە کەسێکى دڵسۆزو خەمخۆرە بۆ هونەرى نەتەوەکەمان ، ئەو پیاوە جوانە باوەشى بۆ کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى کردەوە ، زانیبووى کۆمەڵێک بەرهەممان تۆمارکردووە لەسەر کاسێت، وتى: وەرن بۆ هەریەکەتان گۆرانییەک تان بۆ تۆماربکەم لەدەرەوەى ستۆدیۆ ، پێشنیازى سەیرانگاکانى دەوروبەرى شارى هەولێر وەک سەلاحەدین و شەقڵاوە ى کرد ، ئەو کاتە من لە بەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى بووم .
پرسیار : بۆ لەبەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى بوویت ؟ لەبەڕێزتانم پرسیی لەهیچ دام و دەزگایەکى میرى دانەمەزراویت ؟
وەڵام : لەو دوواییانە بووم بەکارمەند لەوێ .
پرسیار : ئەوە ساڵى چەند دامەزرایت ؟
وەڵام : ساڵى (1979 بۆ 1980) لەبەڕێوەبەرایەتى ڕۆشنبیرى سلێمانى بووم بەکارمەند ،ئەوەش چۆن بوو ؟
هونەرمەند ( فوئادى حەمەمین ئاغا1933_19/3/2004) جیا لەوەى لەکۆمەڵ پێکەوە بووین، جێگرى بەڕێوەبەرى ڕۆشنبیرى سلێمانى بوو، ئەو کاتە منیش بێ کار بووم ڕۆژێک لەکۆمەڵ پێی وتم : بۆنایەت لەڕۆشنبیرى داتمەزرێنم ؟! منیش دەمووت خۆم دانامەزرێنم ، بەڕەحمەت بێت ئەویش نەیدەگووت بۆ ؟ دواتر بەهەوڵى خەمخۆرانى بەڕەحمەت بێت هونەرمەند ( فوئادى حەمەمین ئاغا) دامەزرام و بووم بەفەرمانبەر.
بەهەرحاڵ لەوکاتەدا چووین بۆ هاوینەهەوارى شەقڵاوە بۆتۆمارکردنى گۆرانى لەگەڵ کاک ناسر حەسەن ، یەکەم کەس گۆرانى بۆ من تۆمارکرا .
پرسیار : ناوى گۆرانییەکە چى بوو ؟
وەڵام : ناوى ( هاوار واى ) بوو ، لەبنەڕەتدا ئاوازى لوڕى بوو ، بەڵام من دەستکاریم تێدا کرد و قەرار و جەوابێکم تێدا دانا ، برادەرانى موزیکژەن زۆر جوان کاریان تێدا کرد ،
پرسیار : ئەو میلۆدییەت چۆن دەست کەوت و زانیاریت هەبوو پێشتر بەدەنگى کام هونەرمەند خوێندراوە ؟
وەڵام : ئێواران لەبارەگاى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى لەسەر شەقامى پیرەمێرد بەرامبەر پۆلیسى ئالیات ، چیمەنێکى زۆر خۆشی هەبوو لەگەڵ برادەران دادەنیشتین ، هونەرمەندى ئازیز ( سەلام حەمادى) وتى ئەمڕۆ لەڕادیۆ گوێم لەئاوازێک بوو زۆر خۆش و سەرنجى ڕاکێشام، ئاوازەکەى بۆخوێندم و وتى : بۆ تۆ نایڵێیت ؟ وتم : میلۆدییەکە سادەیە ، وتى : دەکرێت گۆڕانکارى تێدا بکرێت ، تەنها یەک کۆپلەى گۆرانییەکەى لەبەر بوو، هەرلەسەر ئەوکۆپلەیە بەردەوام بووم و دەمووتەوە و وتم کاک سەلام من گۆڕانکاریی تێدا دەکەم ، ئەوەندەم وتەوە جیا لەگۆڕانکارى لە میلۆدییەکەو زیادکردنى جەواب و قەرار ، لەپڕ وتم ( شیرین نازدارى منى) ، لەو کاتەدا کاک نورى وەشتى لەژوورەکەى هاتەدەر ، کاک نورى چونکە خۆى هونەرمەند بوو گوێی موزیکى بوو ، لێمان نزیک بۆوە و وتى : ئەو میلۆدییە خۆشە بۆتۆمارى ناکەن ، پێم باشە کارى لەسەر بکەن، لەگەڵ کاک سەلام چووینە لاى هاوڕێیانى موزیکژەن لەماوەى (20) خولەک ئامادەمان کرد و کاک دڵشاد صدیق بۆى تۆمارکردین و ناردمان بۆتەلەفزیۆنى کەرکووک تا ڕەزامەندى وەربگرین ، لەوێ بەهۆکارى ئەوەى ئاوازەکەى ئێرانییە ڕەزامەندیان لەسەر نەدا،
پرسیار : هونەرمەند سەلام حەمادى کاتێک میلۆدییەکەى بۆهێنایت ئاماژە بەناوى هونەرمەندەکە نەدا کە بەدەنگى کێ خوێندراوە ؟
وەڵام : با پێی وتم هونەرمەند ( حیشمەتى لوڕنەژاد 1947_ 16/9/1995) پێشتر خوێندوویەتى، بەداخەوە بەهۆى نەبوونى ئەو پەیوەندییە لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشوور بۆمان نەکرا تا ڕەزامەندى وتنەوەى ئەو گۆرانییە لە هونەرمەند ( حیشمەتى لوڕنەژاد) وەربگرین ، بەڵام ئەو ڕاستییەش دەدرکێنم گۆرانییەکەمان ناشیرین نەکرد بەئەمانەتەوە بەجوانى کارمان لەسەر کرد.
پرسیار : بەو مادەیەوە ( هاوار واى ) چوویت بۆ هاوینەهەوارى شەقڵاوە ؟
وەڵام : بەڵێ ، لێرەشەوە لەدڵەوە سوپاسى مامۆستا و هونەرمەند ( ئەنوەرقەرەداخى 1946 هەڵەبجە) دەکەم ، لەبەرئەوەى ماندوو بوو لەگواستنەوەى گۆرانییەکە لەکاسێتەوە بۆ ئێف ئێم تا کاک ناسر حەسەن کارى لەسەربکات، بەڕاستى کاک ناسر حەسەن زۆر لەگەڵماندا ماندوو بوو ، هەرئەو ڕۆژە تۆمارمان کرد لەگەڵ گۆرانییەکەى من ، گۆرانییەک بۆ هونەرمەندى ڕەوانشاد ( قادر زیرەک 1954_17/7/1981) و هونەرمەند ( عارەب عوسمان ) و کاک ( ڕێبوارى تۆفیقى بەنگینە) تۆمارکرا، کاک ناسر دووجار گۆرانییەکەى پێ دووبارە کردمەوە لەبەرئەوەى ئەو شوێنە کەمێک هەوراز بوو ، دەبوو بەڕۆیشتنەوە گۆرانییەکە بڵێم بەڵام چى بکەم نەفەسم نەدەما ناچار دووبارەمان دەکردەوە.
پرسیار : دواى ماندوبوون و زەحمەتى هونەرمەند ناسر حەسەن و بەڕێزتان ئەو بەرهەمە تۆمارکرا ، ئایا لەتەلەفزیۆنى کەرکووک پەخشکرا؟
وەڵام : بەڵێ بەشێوەى ڕەنگاو ڕەنگ یەک دووجار پەخشکراو، بەداخەوە نازانم هۆکار چى بوو ڕاگیرا و ئێستا چارەنووسى دیارنییە وەک هەموو ئەو ئەرشیفە بەنرخەى تەلەفزیۆنى کەرکووک.
پرسیار : دواتر لەگەڵ تیپى موزیکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى بەرهەمى دیکەتان تۆمارکرد؟
وەڵام : ڕۆژێک لەدەوام بووم لەڕۆشنبیرى، هونەرمەند ( فەرهاد محەمەد قادر) هات بۆلام و وتى : ئاوازێکم هەیە گوێی لێبگرە بزانە چۆنە ؟ تەسجیلێکى بچووکى پێ بوو بەدەنگى خۆى تۆمارى کردبوو ، لەوکاتەدا گوێم لێگرت ئاوازەکە زۆر خۆش بوو، پێی وتم بالات بێت و بەتەواوى گوێی لێبگرە و دواتر بڕیاربدە، منیش تەسجیلەکەم لێوەرگرت و لەماڵەوە چەندجارێک گوێم لێگرت ، تاواى لێهات بەسێ جۆر لەسەر هەمان کاسێت تۆمارم کرد، دوایی بیرم کردەوە ئەوە لەسەر مەقامى ( سێگا) یە ، بۆ نەیڵێم دواتر چوومە لاى برادەرێک وتم دەمەوێت مەقامى سێگا بڵێم ، وتى : مەقامى سێگا گاڵتە نیەوە و خۆتى لێمەدە؟!
پرسیار : ئەوبرادەرە موزیکى بوو ، شارەزا بوو لە چۆنیەتى چڕینى مەقامەکان؟
وەڵام : نەوەڵڵا موزیکى نەبوو بەڵام گۆرانیبێژ بوو !
پاشان هانام بردە بەر زانیارییەکانى باوکم ، لەبەرئەوەى خەڵکى گەرمیان بوو ، شارەزایی زۆرى هەبوو لە شێوازى چڕین و ناسینەوەى مەقامەکان
و خۆشیی خاوەنى دەنگێکى زۆر خۆش بوو ، چوومە لاى و پێم وت دەمەوێت ئەو مەقامە سێگا یە بڵێم ، ڕاستەوخۆ وتى: کوڕم دەبێت زۆر وریا بیت لەچڕینى مەقامى سێگا ،ئەگەر هەڵە بکەیت چێژ و ڕەسەنایەتى مەقامەکە نامێنێ، وتم بۆ ؟
وتى : مەقامى سێگا زۆر خۆشە بەڵام کەسیى شارەزاى گەرەکە لەچڕیندا ، خۆشم زۆرم حەز دەکرد بیخوێنم ، ناچار دوو سێ جار لەبەردەم خۆیدا بۆم خوێند، هەندێک زانیارى زیاترى پێدام، پاشان وتى : ئەى ئاوازەکە چۆنە ؟
ئاوازەکەم بۆ خوێند ، وتى خەلیل ئەم ئاوازە لەوێدا دەڵێت :
( چرپەى نازى کیژ خرینگەى بەرموور
بەرامبەر بووکى ناو کەژاوەى سوور )
پرسیار : ئەو وتووێژە لەنێوان بەڕێزت و باوکتدایە ؟
وەڵام: بەڵێ ئەوە هەردووکمانین و ڕێنماییم دەداتێ
وتى: لێرەدا یەکسەر بڵێی ( ئەى لەهاڕەى لەرزانە) خۆش نییە ؟! لێرەدا بەشێوەیەکى بەرز بیچڕە با ئیقاع بوەستێ زۆر باشەو میلۆدییەکە خۆشتر دەبێـت ، بەوشێوەیەى باوکم پێى وتم : لەبەردەمى خۆیدا وتم ، وتى ئافەرین زۆرباشە .
دواى ئەوە بەوشێوازە تۆمارمکرد لەسەر تەسجیلە بچووکەکەو بردم بۆ کاک فەرهاد و وتم فەرموون گوێی لێبگرە، کاتێک گوێی لێگرت وتى : ئەوەندە جوانت خوێندووە هەقە مافى ئاوازەکە بدەم بەخۆت ، وتم نا مافى بەڕێزتانەو پێوەى ماندوبوون، وتى باشە بابچین بۆلاى کاک نورى وەشتى ، کاک نورى زۆرى پێ باش بوو وتى هەوڵ بدەن هۆنراوەیەکى جوانى بۆ بدۆزنەوە،
ڕۆژێک شەهیدى ڕەوانشاد ( دڵشاد مەریوانى1947_13/3/1989) هات بۆ دائیرەکەمان و لەژوورێکدا ئاوازەکەم بۆ خوێند و پێم ووت هۆنراوەیەکم دەوێت بۆ ئەو ئاوازە ، زۆرى لا خۆش بوو ، پێی وتم ئەوە کاتێکى زۆرى دەوێت تا هۆنراوەیەک بەباڵاى ئەو ئاوازەدا بکەین ، لەولاشەوە کاک نورى وەشتى داواى لێدەکردین زوو گۆرانییەکە ئامادەبکەین بۆ ئەوەى بینێرین بۆ تەلەفزیۆن ،
بەهەرحاڵ ڕۆژێک هونەرمەند کاک ( حەمە ڕەشید هەرەس 1948 هەڵەبجە) لەگەڵ هاوسەرەکەى هاتن بۆ دائیرەکەمان سەرقاڵى کارێکى هونەرى بوون ، منیش ئەو گۆرانییەم دەووت ، کاک حەمە ڕەشید وتى ئەو ئاوازە هى کێیە؟
منیش وتم هى منە ! وتى ئەو ئاوازە خۆشە بۆ بەو هۆنراوە سادەیە ؟!
وتم : هۆنراوەیەکم دەست ناکەوێـت ؟ !
وتى: من هۆنراوەیەکم هەیە ، دەتوانى خۆتى لێبدەى ؟
وتم بەڵێ بەڵام بەناوى بەڕێزتانەوە بڵاوى دەکەمەوە چونکە مافى بەڕێزتانە .
وتى : گرفت نابێت .
بەڵێ هۆنراوەکەى بۆ هێنام و لەسەر هۆنراوەکە چەند جارێکى دیکە پرۆڤەم لەسەر کرد لەگەڵ هاوڕێیانى موزیک و بردمان بۆ تەلەفزیۆنى کەرکووک ، بەڵام بەداخەوە لەوێ چەند بڕگەیەک لەهۆنراوەکەیان لابرد ، بەڵام نوسخە ئەسڵییەکە هەرماوە، کاک نورى وەشتى دەیگووت بە کاک حەمە ڕەشید بڵێن چارنییە بابەوشێوەیە تۆماربکرێت ، دواتر بەوشێوەیەى لەتەلەفزیۆنى کەرکووک بڕیارى لەسەر درا ئامادەمان کردەوە ، دواى دووجار ڕەفزکردن ، دواى ئەوەهەموو ئێواران لەکۆمەڵ ئەو گۆرانییە دەوترا، چونکە لاى هەمووان ئاوازێکى خۆش بوو ،
لەگەڵ ئەو گۆرانییەى من لەتەلەفزیۆنى کەرکووک ، گۆرانییەکى هونەرمەند ( جەمال شەریف) و گۆرانییەک بەناوى ( بەعینوانى) بۆ( عومەر خەمزەیی و وەلى عەبەى سەیزادە) تۆمارکرا،
لەکاتى تۆمارکردنى گۆرانییەکە خاتوونێک بوو بەکامێرامان ناوى (فەیمە) بوو تورکمان بوو ، زۆر سەرنجى دەدام لەکاتى تۆمارکردنەکە ، دواى تۆمارکردن نازانم لەڕێى ئەو فەیمە و برادەرێکى کوردیش بوو ناوى ( نورى ) بوو ، داوایان لێکردم کە سروود بۆ ( قادسیەى سەدام) بڵێم ؟!
پرسیار : ئەگەر بێتەوە یادت گۆرانى ( ڕاز) زیاتر لەناو جەماوەردا بە (ئاى لەهاڕەى لەرزانە) تاسرا ،لەساڵى چەند لەتەلەفزیۆنى کەرکوک تۆمارتان کرد ؟
وەڵام : تکایە بمبوورە زۆر یادەوەریم لەیاد نەماوە بەهۆى ئەو جەڵتەیەوە ، ئەگەر هەڵە نەبم لەساڵى (1981 بۆ 1982) بوو ، لەگەڵ تیپى مۆسیقاى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى تۆمارمان کرد.
_ هونەرمەندى ژەنیارى ئامێرى ڤیۆلۆن ( فەرەیدون محەمەد قادر) ئەندامى تیپى موزیکى کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى ئێستا لە( ئەڵمانیا) دەژى لەڕێێ تەلەفۆنەوە لێم پرسیی : ( ئاماژەى پێدا ئەو گۆرانییە بۆ هونەرمەنج خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان ، لەسالى (1982) لەتەلەفزیۆنى کەرکووک بەشێوەى ڕەنگاو ڕەنگ بۆمان تۆمارکرد ) ( 1) .
ئەوکاتە کە ئێمە چووینە تەلەفزیۆن هەردوو هونەرمەندى گەورە مامۆستا ( ئەحمەد سالار 1947 سلێمانى) و مامۆستا (عەبدولى حەمەجوان 1948 سلێمانى) سەرۆکى وەفدەکەى ئێمە بوون
پرسیار : دواى بڵاوبوونەوەى گۆرانى ( ڕاز) لەڕووى ( دەنگ و میلۆدى و تێکستەوە ، پێشوازى جەماوەر چۆن بوو ؟
وەڵام : لەتۆمارکردن تەواو بووین کارمەندان و تیپى مۆسیقاى تەلەفزیۆنى کەرکووک هەموو یان دەهاتن و دەستخۆشییان لەمن و برایانى موزیک دەکرد بۆئەو بەرهەمە جوانە، هەروەها کاتێک گۆرانییەکە لەتەلەفزیۆن پەخش کرا لەلایەن زۆر لەهاوڕێیانمەوە ستایش کرام و دەتوانم بڵێم من زیاتر بەهۆى گۆرانى (ڕاز) ەوە چوومە ناو دڵ و ڕۆح و هەستى گوێگرى موزیک و ئاوازى کوردییەوە زیاتر چوومە ناو خەڵکەوە.
پرسیار : دواى گۆرانى ڕاز بەردەوامیت دا بە هونەرەکەت ؟
وەڵام : بەداخەوە سیاسەتى زوڵم و ستەمى بەعس نەیهێشت درێژە بەهونەرەکەم بدەم ، بۆ ؟ لەدواى ڕاز لەتەلەفزیۆنى کەرکووک داوایان لێکردم کە سروود بۆ قادسیە بڵێم ، وتم : نایڵێم هەرچەندە زۆر تەماحى سەیارەو خانووشیان خستە بەردەمم ! لێرەوە دەیڵێم بۆهەمیشە سوپاسگوزارى مامۆستا ئەحمەد سالارم ، هەستى کرد کەوتوومەتە ژێرفشارەوە، ئەو وەڵامى دایەوە و وتى : کاکە خەلیل باوکى مردووە لەڕووخسارى مەڕوانن وا خۆى ڕازاندۆتەوە ، لەبەر تۆمارکردنى گۆرانییەکە هاتووە ، دەنا پرسەى هەیە ، باپرسەکەى تەواو بێت دەینێرینەوە !
پرسیار : کەواتە مامۆستا ئەحمەد سالار ڕزگارى کردى ؟
وەڵام : بەڵێ ماڵى ئاوابێت ڕزگارى کردم بەڵام وازیان نەهێنا وتیان ئەدرەسەکەیمان دەوێت لەسلێمانى لەکوێ کاردەکات ، ئەدرەسى تیپى کۆمەڵ مان پێدان ، وتیان ئەوەمان ناوێت لە چ دائیرەیەکە ، بەداخەوە برادەرێک وتى لە ڕۆشنبیرى سلێمانى دەوام دەکات .
دواى گەڕانەوەمان بۆ چەند جارێک بانگیان کردم لەدائیرەى ئەمنەوە تەنانەت جارێک بیانووى گۆرانى ڕازیان هێنایە پێشەوە کەئەو هۆنراوەیە سیاسی یە ، منیش دەمووت من وەک گۆرانیبێژێک خوێندوومە و شاعیرەکەش لەشاردا دەژى ، بەڵام هەروازیان لێنەدەهێنام و دەمگووت سروود ناڵێم ، کۆتاییەکەى لەدائیرەکەم فەسڵیان کردم ، دواتر هاوسەرەکەشم ئەویشیان فەسڵ کرد.
پرسیار : ئەى دواى ڕاپەڕینى ساڵى (1991) لەم قۆناغەدا لەدەرگاى تیپ و گرووپى موزیکت نەدا ، بەمەبەستى تۆمارکردنى گۆرانى ؟
وەڵام: ئارەزووم بوو بگەڕێمەوە بۆ کارى هونەریی ، بەڵام ویستم سەرەتا هەوڵى گەڕانەوەم بدەم بۆسەر کارى پێشووم لە ڕۆشنبیرى ، بەرنامەکەم وادانابوو کەلەوێوە هەوڵ بدەم بگەڕێمەوە سەرکارى هونەریی ، بەڵام بەداخەوە چەندین جار هەوڵى گەڕانەوەم دا ، چەندجار چوومە هەولێر و لێرە لەسلێمانى بۆیان نەکردم کەبگەڕێمەوە دائیرەکەم ، لەوهەوڵانەدابووم ڕۆژ بەرۆژ بارى ئابوورى سەخت دەبوو ، منیش لەپێناو دابینکردنى بژێوى ژیانى خۆم و خانەوادەکەم ناچارم ڕووکردە کارکردن و لەدامەزراندنەوەشم بێ هیوا بووم ، بەداخەوە هیچ هیوا و ئومێدێکم بەهونەر نەما ؟! بەڵام لەڕابردووش پەشیمان نیم و هەمیشە شانازى پێوە دەکەم ، چونکە لەڕێى ئەو کارە هونەرییانەى پێشوو ئەنجامم داوە خۆشەویستى و حورمەتى خەڵکم بەدەستهێناوە ئەوە بۆمن گەورەیە و لەلام پیرۆزە.
پرسیار : لەکارى هونەریی دوورکەوتونەتەوە ئێستا بەچییەوە سەرقاڵن و ژیانى ڕۆژانەتان بەڕێ دەکەن ؟
وەڵام : هیچ کات ناتوانم ئەو خۆشەویستییەى بۆ هونەر هەمبووە و هەیە ئێستا فەرامۆشى بکەم ، بەڵام هەورازو نشێو و گەرمى و ساردییەکانى ژیان لەهونەریی گۆرانى گوتنى دابڕیم ، بەشانازییەوە لەم تەمەنەدا شۆفێرى تاکسى یم و لەوڕێگەیەوە ژیان دابین دەکەم ، ئێمە پێشتر مووچەیەکى ڕێزلێنان مان هەبوو ، بەداخەوە ئەوە چەند ساڵێکە ئەوەشیان پێ ڕەوانەبینین و ئەو مووچەیان لێ بڕین.
پرسیار : وێنەیەکتان هەیە لەگەڵ هونەرمەندى موزیسیان ڕەوانشاد ( ئەنوەر تاهیر ناسراو بە مەلائەنوەر 1941_14/1/1996) ئایا بەچ مەبەستێک بوو چوونە شارى کۆیە ؟
وەڵام : ئەوکاتەى کەلەڕۆشنبیرى سلێمانى بووم ، لەڕێگەى هونەرمەند ( فوئادى حەمەئەمین ئاغا) پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ هونەرمەندانى شارى هەولێر و کۆیەدا هەبوو ، وەکو کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى لەهۆڵى ( ئیبن مستوفى) ئاهەنگێکمان ئەنجامدا ، دواتر بڕیاریان دا ئەو ئاهەنگەش لە کۆیە ئەنجام بدەین ، کاتێک چووینە کۆیە بەداخەوە ئەو کاتە هۆڵى تێدا نەبوو ، لەقوتابخانەیەک شانۆیان ئامادەکرد بۆمان ، ئێستاش ئەو دیمەنە جوانەى خەڵکى کۆیە لەیادمە ، چەند بەپەرۆش و هونەر دۆست و هونەر خۆشەویست بوون ، دەتوانم بڵێم سێ بەشى خەڵکى کۆیە هاتبوون ، ئەوەى سەرنجى زیاتر ڕادەکێشام هەریەکە بۆخۆى کورسى یان شتێکى هێنابوو تالەسەرى دابنیشێ و گوێ لەموزیک و گۆرانى بگرێت .
پرسیار : لە ڕێكهوتی (10/9/1978 ) لەو ئاهەنگەدا چ گۆرانییەکت خوێند لە شارى کۆیە ؟
وەڵام : دیمەنى جوانى ئامادەبووان زۆر جێی سەرنج و ستایش بوو ، سڵاو لەو هەستە هونەرییەى خەڵکى کۆیە ، لەوئاهەنگەدا مەقامێک و گۆرانى ( کراس ڕەش) ى هونەرمەندى نەمر حەسەن زیرەکم خوێند، دواى تەواو بوونى ئاهەنگەکە لەلایەن خەڵکەوە زۆر پێشوازییەکى گەرمیان لێکردین و کۆمەڵێک لەهونەرمەندە جوانەکانى ئەوشارە هاتن بۆلامان ، وێنەشم هەیە لەوانە مامۆستا مەلائەنوەر ژەنیارى قانوون ، زۆر دەست خۆشیی و دەنگخۆشی لێکردم و زیاتر هانى دام بەردەوام بم و هەروەها پێی وتم لەسەر شانۆ زۆر بەجوانى و بوێرانە و هونەرییانە گۆرانیەکت خوێند هەى ئافەرین ، هەروەها دەنگخۆش ئیبراهیم سابیر و ئەکتەرى ناودار بەڕەحمەت بێت سوبحى کۆیی و عەبدوڵڵا ئیسماعیل و بەداخەوە ناوى ئەوانى ترم لەیاد نەماوە.
پرسیار : باسى مەقامت کرد ئایا هیچ شارەزایتان هەیە لەمەقام ، ئایا مەقامەکان و خەسڵەتەکانى خوێندنى دەزانى ؟
وەڵام : لەهەرئاهەنگ و پرۆگرامێکدا بەشداریم کردبێت بێگومان مەقامێکم خوێندووە ، چونکە زۆر حەزم لەمەقامە ، ناڵێم بەتەواوى لەهەموو مەقامەکاندا شارەزام ، بەڵام مەقامەکان دەناسم و زیاتر باوکم هاوکارم بووە لەناسینەوەى مەقامەکان و شێوازى وتنیان.
پرسیار : بابێنە سەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکە ، ساڵى چەند ژیانى هاوسەرگیریتان پێکهێناوە ؟
وەڵام : بەڵێ بەخۆشحاڵییەوە ساڵى (1980) ژیانى هاوسەرگیریم لەگەڵ خاتوو (شیرین) پێکهێناوە و خاوەنى چوار کچ و کوڕێک .
پرسیار : ئایا هیچ لەمنداڵەکانت پەیوەست نەبوون بەکارى هونەرییەوە؟
وەڵام : خۆشبەختانە دووان لەکچەکانم سەرقاڵى کارى هونەریین ، هەردووکیان مامۆستان و یەکێکیان ژەنیارى ( فلوت ) و ئەوى تریان ژەنیارى ( چەلۆ) یە ، دووانەکەى تریشم توێژەرى کۆمەڵایەتین و کوڕەکەشم زۆر حەزو ئارەزووى موزیک بوو بەڵام بەداخەوە بەهۆى بارودۆخێکەوە من نەمتوانى هاوکارى بم .
جەمالى دەلاک : زۆر سوپاس بۆ ئەو ماوەیەى پێت بەخشین و ماندوو مان کردیت .
خەلیل محەمەد عەبدولڕەحمان : نا تکایە دەستى ئێوە خۆش بێت ، ئێوە ماندوبوون و سوپاس بۆ ئەو دیدارە و دواى چەندین ساڵ لاپەڕەکانى ژیانى منتان هەڵدایەوە و هیوادارم توانیبێتم وەڵامى پرسیارەکانتانم دابێتەوە (2).
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 30/9/2026 سلێمانى.
(*) هونەرمەندی شەهید ( سۆران سەڵتە ) ساڵى (1950) لەشارى سلێمانى هاتۆتە دنیاوە ،ژەنیاری ئامێری (کەمان و باڵەبان) هونەرمەندێکی بە توانابوو بەداخەوە لەڕێکەوتى (24/4/1974) لە شاری قەڵادزێ شەهیدبوو لە دەرەنجامی هێرشە دڕندانەکەى ڕژێمی بەعسى فاشیست بە فڕۆکەی سیخۆ لەگەل (120) کەس خەڵکی شارى قەڵادزێ و قوتابیانی زانکۆی سلێمانی شەهید کران.( سوپاس بۆ هونەرمەند جەمال سابیر ،، ج_د)
(1)پەیوەندى تەلەفۆنیم لەگەڵ هونەرمەند ( فەرەیدون محەمەد قادر ) لەرۆژى پێنج شەممە ڕێکەوتى( 24/9/2026 ) ( سلێمانى_ ئەڵمانیا) ( ج_د).
(2) دیدار لەگەڵ هونەرمەندى گۆرانیبێژ خەلیل محەمەدعەبدولڕەحمان ...
ڕۆژى چوارشەممە ، ڕێکەوتى (23/9/2026) کاتژمێر :2:30 خولەک ،شوێن : باخى گشتى شارى سلێمانى.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.