Erbil 31°C ھەینی 02 تشرینی یەکەم 17:36

گوگڵ یەکەم مانگی دەستکردی تایبەت بە تاقیکردنەوەی زیرەکیی دەستکردی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد

100%

کۆمپانیای گوگڵ بە سەرکەوتوویی یەکەم مانگی دەستکردی تایبەت بە تاقیکردنەوەی تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد (AI) لە بۆشایی ئاسماندا هەڵدا. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پڕۆژەی سەن کاچەر کە ئامانجی دروستکردنی ناوەندی داتای خولگەییە بە پشت بەستن بە وزەی خۆر.

مانگە دەستکردەکە لە بنکەی فاندنبێرگی هێزی بۆشایی لە کالیفۆرنیا، بە موشەکی "Transporter-18"ی کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" ڕەوانەی ئاسمان کرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم تاقیکردنەوەیە، هەڵسەنگاندنی توانای ئامێرەکانی زیرەکیی دەستکردە بۆ کارکردن لە دۆخە سەختەکانی بۆشایی ئاسماندا، وەک تیشکی بەهێز، پەستانی ماددی و پلەی گەرمیی توند.

بەشێکی گرنگی تاقیکردنەوەکە بریتییە لە چاودێریکردنی توانای چیپە ئەلیکترۆنییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی گەرما لە ژینگەی بۆشایی ئاسماندا کە هەوای تێدا نییە، ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە لە ڕووی ئەندازیارییەوە. ماریا بیگز بەڕێوەبەری ئەندازیاری لە گوگڵ، دەڵێت پڕۆژەکە پشت بە فراوانکردنی ژێرخانی زیرەکیی دەستکرد دەبەستێت لە ڕێگەی ناوەندی داتای خولگەییەوە کە سوود لە وزەی زۆری خۆر لە بۆشاییدا وەردەگرن.

ئەم تاقیکردنەوەیەی گوگڵ لەوانەی پێشوو جیاوازە؛ چونکە گوگڵ هەوڵ دەدات توانای حیساباتی (Computing) زیرەکیی دەستکرد لە بۆشایی ئاسماندا بە جۆرێک بەرز بکاتەوە کە نزیک بێت لەو ئاستەی لە ناوەندەکانی داتای زەمینیدا بەکاردێت.

سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، شارەزایان هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی مەترسیی پێکدادانی ئاسمانی و کۆبوونەوەی پاشماوەی بۆشایی (Space Debris)، هەروەها پیسبوونی ڕووناکی کە کاریگەری لەسەر چاودێریی گەردوونناسان دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیلۆن ماسکی خاوەنی سپەیس ئێکس، پێشتر ئاماژەی بە پلانی خۆی بۆ ناردنی نزیکەی 1 ملیۆن مانگی دەستکردی تایبەت بە ناوەندی داتای زیرەکیی دەستکرد کردووە.

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.