سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی وتارێکدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، دوو پەیام و بژاردەی نوێی بۆ ئێران خستەڕوو و رایگەیاند، یان ڕێککەوتن و دووبارە ئاوەدانکردنەوە، یاخود بەردەوامی شەڕ و وێرانكردن.
دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە وتارەکەیدا بە ئاماژەدان بۆ ئێران گوتی: ئایا پاڵیان پێوە بنێم بۆ ناو دۆزەخ بەبێ هیچ هەلێک بۆ ڕزگاربوون و بەبێ هیچ ئومێدێک بۆ داهاتوویەکی مەزن یان نەوەکانیان.
سەرەڕای ئەم هۆشدارییە بەردەوامانە، ترەمپ ئاماژەی بەوەش كرد كە بڕوایان وایە ڕاستەوخۆ لە دوای هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی ئەمریكا، ئێران ڕێککەوتن واژۆ دەكات، بەو پێیەی ڕەتکردنەوەی لەلایەن تارانەوە هیچ مانایەکی نابێت.
ئەم لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا بەردەوام ڕوویان لە زیادبوونە و لە بەرامبەریشدا دانوستانەکان لەنێوان ئەمریكا و ئێران بەتەواوەتی وەستاون.
ترەمپ لە وتارەکەیدا هەروەها پەیامێکی گەشبینانەی دەربارەی داهاتووی ئەمریکا خستەڕوو و گوتی: وڵاتەکەمان ئێستا لە هەموو کاتێکدا باشتر کار دەکات و داهاتوومان زۆر گەشە.
لە بەشێکی دیکەی قسەكانیدا ترەمپ باسی لە ڕێکخراوەکانی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەری كرد و بە داعشی نیوەگۆی ڕۆژئاوا وەسفی کردن.
هۆشداری توندیشی دا دەربارەی ئەو مەترسییانەی ماددەی هۆشبەر دروستی دەکەن و بە دوژمنی جەنگ بەسەر شارستانییەتدا ناوی بردن، ئاماژەی بە تاوانەکانی کوشتن، دەستدرێژی، ئەشکەنجەدان و سەرانەسەندن کرد وەک ئامرازەکانی تیرۆر.
ترەمپ جەختیشی کردەوە کە پێویستە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان ڕووبەڕووی توندترین سزا ببنەوە، لەوانە کوشتن، دوورخستنەوە، یان دەستبەسەرکردنیان وەک چەکداری دوژمن بەبێ هیچ دەرفەتێک بۆ ئازادکردنیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.