ئێران مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان و کۆتاییهێنان بە جەنگی بە دانوستانکاران ڕاگەیاند و گوتی تا لە هەموو بەرەکان جەنگ کۆتایی نەیەت و پارە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد نەکرێت، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەین.
موحسین ڕەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (Al Jazeera) ڕایگەیاند، تاران بە فەرمی مەرجەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بە نێوەندگیرەکان گەیاندووە.
ڕەزایی ئاشکرای کرد کە مەرجەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و ڕاگرتنی جەنگ، بریتین لە:
کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا.
ئازادکردنی ئەو پارانەی ئێران کە لە دەرەوە بلۆک کراون.
کۆتاییهێنان بە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران.
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕاوێژ و گفتوگۆکان لەگەڵ نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان بەردەوامە. تاران چاوەڕێی وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ئامادەیە پابەندی ئەو مەرجانە بێت یان نا.
ئەم هەنگاوەی ئێران وەک هەوڵێکی نوێ دەبینرێت بۆ دەرچوون لەو بنبەستە سیاسی و سەربازییەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دروست بووە، لەکاتێکدا تاران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە فشارە ئابووری و سەربازییەکان کەم بکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.