Erbil 31°C شەممە 12 ئەیلوول 11:05

کۆبانێ.. لە کاردانەوەی شەهیدکردنی سیپان حەسۆ ژمارەیەک دەستبەسەرکراو لە زینداندا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا

100%

پاش دۆزینەوەی تەرمی سیپان حەسۆ بە سەربڕدراوی لە شاری کۆبانێ، شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتی لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا و خۆپیشاندانی هاووڵاتییان بۆ شەرمەزارکردنی ئەم ڕووداوە دەستی پێ کرد، دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران، دۆخەکە پەرەی سەند و ژمارەیەک دەستبەسەرکراو لە نێو زینداندا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، تاوەکو ئێستا 8 کەسیان گیانیان لە دەست داوە.

لە کاردانەوەی شەهیدکردنی (سیپان حەسۆ)، ڕۆژی هەینی لە گۆڕەپانی (ژنی ئازاد) خۆپیشاندانێکی گەورە ئەنجام درا و دواتر گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو.

دوای دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوان لەناو زیندانی کۆبانێ وەک ناڕەزایەتییەک لەناو زینداندا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.

د. مزگین مورشید، پزیشکی پسپۆڕی سووتان و جوانکاری، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم نەخۆشخانەی تایبەتیی ئەڵمانی لە کۆبانێ ڕایگەیاند: "لە ڕووداوەکەی زیندانی کۆبانێ نزیکەی 25 برینداری سووتان هێنران و دابەشمان کردن بەسەر نەخۆشخانەکانی کۆبانێ، ئەڵمانی و ئەمەل، زۆربەشیان فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کرا".

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوە کرد: "نزیکەی %60ـیان ڕەوشیان باشە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە. بەداخەوە ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و وەفاتیان کردووە، هەروەها نزیکەی %30 بریندارەکانیش برینەکانیان سەختە".

بەپێی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، تاوەکو ئێستا لە ڕووداوەکەدا  9 کەس گیانیان لەدەست داوە و 17 کەسی دیکەش بریندارن.

سیپان حەسۆ، هاووڵاتییەکی شاری کۆبانێ بوو، رۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی بە سەربڕدراوی دۆزرایەوە، ئەمەش کاردانەوە و تووڕەییەکی زۆری هاووڵاتییان و دانیشتووانی ڕۆژئاڤای کوردستانی لێ کەوتەوە.

کوردستان سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.