لە هەنگاوێکی نوێ و پێشکەوتوودا لە بواری نەشتەرگەریی میزەڕۆ، بۆ یەکەمین جار لە نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری، نەشتەرگەریی دانانی گونی دەستکرد بۆ نەخۆشێکی تەمەن 23 ساڵ ئەنجام درا.
بەپێی زانیارییەکانی نەخۆشخانەکە، ئەم نەشتەرگەرییە لەلایەن تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕەوە ئەنجام دراوە و دەتوانێت هەڵبژاردەیەکی چارەسەری بێت بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی هۆکارە جیاوازەکانەوە گونیان لەدەست داوە، لەوانەش بوونی گرێ، زەبری دەرەکی، سوڕانی گون و هەندێک گرفت و ناهەمواریی زگماکی.
گونی دەستکرد ئامێرێکی دەستکردە کە بە شێوەیەکی گون دروستکراوە و لە ماددەی سیلیکۆن یان پلاستیک پێک دێت. ئەم ئامێرە لە شوێنی گونە لەدەستچووەکە دادەنرێت، بۆ ئەوەی شێوەی دەرەکی و هاوسەنگیی جەستە بپارێزرێت.
پزیشکان ڕوونی دەکەنەوە کە گونی دەستکرد هیچ کاریگەرییەکی بایۆلۆژی نییە و ناتوانێت هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن یان سپێرم بەرهەم بهێنێت، بەڵکو بە مەبەستی جێگرتنەوەی شوێنی گونی لەدەستچوو و پاراستنی شێوەی دەرەکیی جەستە بەکاردێت.
بەپێی زانیارییە پزیشکییەکانی نەخۆشخانەکە، ماوەی چاکبوونەوەی نەشتەرگەرییەکە کورتە و نەخۆش دەتوانێت دوای نزیکەی 7 بۆ 10 ڕۆژ بگەڕێتەوە سەر چاڵاکییە ڕۆژانەکانی، بەڵام پێویستە بۆ ماوەی نزیکەی 1 مانگ لە هەڵگرتنی کێشی قورس خۆی بپارێزێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.