کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر، سەبارەت بە محمد هادی، قوتابی دکتۆرا لە زانکۆی ئۆقیانوسی چین، کە لە چین گیانی لەدەستداوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کۆنسوڵخانەکە، شەوی 8ی ئەیلوولی 2026، کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر ئاگاداری ڕووداوەکە بووە و بە دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵ، سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی بۆ بنەماڵەی قوتابی دەربڕیوە.
کۆنسوڵخانەی چین دەڵێت گرنگییەکی زۆری بە کەیسەکە دراوە و دەستبەجێ پەیوەندی بە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی چینەوە کراوە بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر وردەکارییەکانی ڕووداوەکە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی چین، هەریەک لە ئاسایشی گشتیی ناوخۆ و زانکۆکە بە خێرایی تیمێکی تایبەتیان دامەزراندووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.
کۆنسوڵخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی چین بەردەوام لە پەیوەندیدان و هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە چینن، و راشی گەیاند کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، زانیاریی زیاتر بڵاودەکرێتەوە.
کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر لە داوا لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە لە ماوەی لێکۆڵینەوەکاندا، تایبەتمەندی و نهێنیی مردوو و بنەماڵەکەی بە تەواوی ڕێز لێ بگیرێت و لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە گومان و زانیاریی پشتڕاستنەکراو خۆیان بپارێزن.
لە کۆتاییدا، کۆنسوڵخانەی چین ڕایگەیاندووە ئامادەیە هەموو هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان بۆ بنەماڵەی قوتابییەکە دابین بکات، بۆ ئەوەی بتوانن بۆ چین بڕۆن و تەرمەکەی بگەڕێننەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.