دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژی جیهانی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ رایدەگەیەنێت كە "کوردستان یەکێکە لە گەورەترین قوربانیانی تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ".
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە کە ئەم ڕۆژە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی مرۆیی هەیە، چونکە کوردستان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی حاڵەتە زۆرەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووەتەوە و هەتا ئێستا چارەنووسی هەزاران کەس نادیارە.
د. زێباری ئاماژەی بە تاوانەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کوردە فەیلییەکان لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا، تاوانەکانی ئەنفال کە بوونە هۆی ونبوونی هەزاران کەس، هەروەها جینۆسایدی کوردانی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە کرد؛ جینۆسایدێک کە بووە هۆی ڕفاندنی هەزاران کەس و هەتا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکیان نادیارە.
هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕوونی کردەوە کە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕێگەی لیژنە نیشتیمانییەکانەوە کە بۆ بەدواداچوونی مەلەفی بێسەروشوێنکراوان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان پێکهاتوون.
ئەو ئاماژەی بە بوونی (16,428) کەسی قوربانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا کرد و جەختی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامە، هەروەها هەماهەنگی لەسەر حاڵەتەکانی بێسەروشوێنبوونی دوای ساڵی 2014یش بەردەوامە.
گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی قوربانیان
لەبارەی مەلەفی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دەرهێنانی ڕوفات د. زێباری گوتی، هەتا ئێستا (93) گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال و دەوروبەری دۆزراونەتەوە و ڕوفاتی (296) کەس دەرهێنراوە، لەوانە (41) ژن و (255) پیاو بوون، کە بە پشکنینی DNA ناسراون و ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە.
هەروەها گوتی، هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان چاوەڕێی کردنەوە، هەڵکۆڵین و لێکۆڵینەوەن، کە پێویستی بە بەردەوامبوونی هەوڵ و هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.
هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. زێباری ئاماژەی بە هەنگاوە یاسایی و دامەزراوەییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پشتگیریی کەسوکاری قوربانیان، لەوانە یاسای بێسەروشوێنکراوان لە هەڵمەتی لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999، یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (9)ی ساڵی 2007، و یاسای ماف و ئیمتیازاتی قوربانیانی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە (9)ی ساڵی 2015.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە دوای هێرشەکانی داعش، حکوومەتی هەرێم هەنگاوی جۆراوجۆری بۆ پشتگیریی قوربانیان و کەسوکاریان ناوە، لەوانە ڕزگارکردنی (3,595) کەس لە ڕفێندراوان و پێشکەشکردنی پشتگیریی دەروونی و دارایی بۆ ڕزگاربووان.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا چارەنووسی (2,526) کوردی ئێزیدی نادیارە، لەوانە (1,215) ژن و (1,311) پیاو.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و دۆکیومێنتکردنی تاوانەکان
د. زێباری ئاماژەی بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD) کرد و گوتی، هەوڵەکان بۆ دۆکیومێنتکردنی تاوانەکان و پاراستنی بەڵگەکان بە شێوەی دیجیتاڵ بەردەوام بووە.
گوتیشی، زیاتر لە (57) گێگابایت بەڵگە و دۆکیومێنتی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی داعش لەلایەن UNITADـەوە ڕادەستی حکووەمەتی هەرێمی کوردستان کراوە، بۆ بەکارهێنان لە ڕێکارە یاساییەکان و لێپێچینەوە لە تاوانباران.
دادپەروەری بەبێ زانینی ڕاستی تەواو نابێت
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، د. زێباری جەختی کردەوە کە دادپەروەری بەدی نایەت تا ڕاستییەکان ئاشکرا نەکرێن و چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان دیاری نەکرێت.
ئەو داوای کرد هەوڵە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر بکرێن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی کەسانی بێسەروشوێنکراو، دۆکیومێنتکردنی تاوانەکان، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تاوانباران، و دڵنیابوون لە مافی خێزانەکان بۆ زانینی ڕاستی و چارەنووسی کەسانی نزیکیان.
هەروەها جەختی کردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گەڕان بەدوای کەسانی ونبوو، دەرهێنانی ڕوفات و ناسینەوەی قوربانیان، و پەرەپێدانی میکانیزمە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ ڕێگریکردن لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە داهاتوودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.