بەهۆی دوو ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئافرەتێک گیانی لەدەست دا و هەشت کەسیش بریندار بوون، سەرجەمیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو دوو ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویدا، ڕووداوی یەکەم ئۆتۆمبێلێکی جۆری (نیسان تیدا) بە ئاراستەی قەزای دەربەندیخان ڕۆیشتووە و لە نزیک گوندی (لەواوان) وەرگەڕاوە، لە ئەنجامدا شۆفێر و دوو سەرنشین کە لەدایکبووی ساڵانی 1989 و 2009 و 2020 بوون، بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە: ڕووداوی دووەم لە گوندی (عەلی میر) لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (هۆندا سەنتافی) و (تۆیۆتا کراون) ڕوویدا، بەهۆی ڕووداوەکەوە ئافرەتێک لەدایکبووی 1963 لە نێو ئۆتۆمبێلی (تۆیۆتا کراون) گیانی لەدەست دا و سێ کەسی تر لەدایکبووی ساڵانی 1999 ، 1985 و مێرد منداڵێکی 11 ساڵان بریندار بوو. هەروەها لە ئۆتۆمبێلی جۆری (هۆندا سەنتافی) شۆفێر و سەرنشینێک لەدایکبووی 1999 و 2012 برینداربوون.
هاتوچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم بریندارەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کراون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، هەروەها لێکۆڵینەوە لە هەردوو ڕووداوەکە لەلایەن تیمی هاتوچۆوە دەستی پێ کردووە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.