لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا لە کامپی ستیڤان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی ڕاوێژکارانی هێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ڕاگەیەندرا.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و لەسەر بانگهێشتی کۆڵۆنێڵ ئۆستن پیچا، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێم و بە ئامادەبوونی جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر، بەڕێوەبەری گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ڕێکخرابوو.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە گوتارێکدا جەختی لەسەر ستراتیژیبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کردەوە و ڕایگەیاند: سوپای ئەڵمانیا لە ڕۆژگارە سەختەکان و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش هاوبەشێکی ڕاستەقینەی ئێمە بووە. وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە هاوکارییە هەمەلایەنەکانی ئەڵمانیا کرد، لەوانە: بەشداری لە پرۆسەی ڕیفۆرم، دروستکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، دابینکردنی پێداویستیی تەندروستی و ڕەوانەکردنی ئەفسەران بۆ خولی ئەرکان لە ئەڵمانیا.
وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کۆتایی مانگی 9ـی ئەمساڵدا ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی پێدێت، بەڵام داوای لە حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد کە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەهێزتر بکەن.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بە فەرمی تیشکخرایە سەر ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری تیمی سەربازیی ئەڵمانیا لە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و پەرەپێدانی ژێرخانی سەربازیی هەرێمی کوردستان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەرزترین ئاستی پێزانینی خۆیان ئاراستەی گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا کرد بۆ ئەو پشتیوانییە لۆجستی و ڕاوێژکارییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشیان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.