Erbil 31°C یەکشەممە 30 ئاب 23:56

عەلی زەیدی: لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کار بە ناسنامەی نیشتمانی دەکرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق وێرای ستایشی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، بڕیارێکی نوێی دەرکرد و ڕایگەیاند "ناسنامەی نیشتمانیی یەکگرتوو دەبێت بکرێتە بنەما بۆ دەنگدانی داهاتوو نەك كارتی دەنگدان".

ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاب، عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی داهاتوو.

سەرۆک وەزیران بڕیاری دا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ناسنامەی نیشتمانیی یەکگرتوو (البطاقة الوطنية الموحدة) بکرێتە بنەما بۆ دەنگدان نەك كارتی دەنگدان. زەیدی جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی ئەم ناسنامەیە دەبێتە هۆی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان لە کاتی دەنگدان و وردیی داتاکان و شەفافییەتی پڕۆسەکەش بەهێزتر دەکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ستایشی کارەکانی کۆمیسیۆنی کرد لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا و داوای کرد بە هەمانشێوە و بە ئامادەکاریی پێشوەختە پێشوازی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن. ڕاشیگەیاند: پاراستنی دەنگی هاووڵاتی وەک پاراستنی پاشەڕۆژی وایە، چونکە هەر کەسێک خاوەنی دەنگی خۆی بێت، خاوەنی پاشەڕۆژی خۆیەتی.

عەلی زەیدی هەروەها وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە هەموو داتا و زانیارییە پێویستەکان بخەنە بەردەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی بە زووترین کات پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ کارکردن بە ناسنامەی نیشتمانی تەواو بکرێن. جەختیشی کردەوە کە دەبێت هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتییان بکرێت تاوەکو بتوانن مافی دەنگدانی خۆیان بە ئاسانی پیادە بکەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.