بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هیچ جۆرە گفتوگۆ یان وتوێژێکی بەردەوام یان بەرنامە بۆ داڕێژراو لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە و ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە دەگوترێن دەربارەی ئەوەی سوپاسالاری پاکستان لە سەردانەکەی بۆ ئێران پەیامێکی ئەمریکای پێبووە کە تێیدا داوای لە ئێران کردووە بگەڕێتەوە بۆ یادداشتی لێکتێگەیشتن و ناوەندی سیاسیی گفتوگۆکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی ئاب، بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە ڕایگەیاند: ئابڵۆقەی دەریایی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە بە توندی و بە شێوەیەکی کاریگەر بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا کراوەیە و مینە دەریایییەکانی ناوچەکەش پاککراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، عەباس گۆڵڕوو سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە، سوپاسالاری پاکستان پەیامێکی ئەمریکای پێبووە کە تێیدا داوای لە ئێران کردووە بگەڕێتەوە بۆ یادداشتی لێکتێگەیشتن و ناوەندی سیاسیی گفتوگۆکان. گۆڵڕوو ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن لە لایەک سزای نوێ دەسەپێنێت و لە لایەکی تریشەوە پەیامی ناڕاستەوخۆ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان دەنێرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە سەردانەکەی عاسیم مونیر سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران، کاردانەوەی جیاوازی لە نێوان بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لێکەوتەوە لە کاتێکدا ئێران باس لە هەوڵی نێوەندگیری و گواستنەوەی پەیام دەکات، واشنتن بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەک ڕەت دەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.