Erbil 31°C یەکشەممە 30 ئاب 01:50

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر میکانیزمی دابەشکردنی بەنزین بە کارت ڕوون دەکاتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند کە ئەو بڕە بەنزینەی لە پشکی 40 لیتریی شۆفێران دەمێنێتەوە بۆ خاوەن بەنزینخانەکان نامێنێتەوە، بەڵکو تەنیا بڕی ڕاستەقینەی وەرگیراو لە ئەستۆی وێستگەکان هەژمار دەکرێت. ئەم ڕوونکردنەوەیەی بەڕێوەبەرایەتییەکە دوای ئەوە دێت کە دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو بڕە بەنزینەی شۆفێران وەریناگرن، بۆ بەنزینخانەکان دەمێنێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەی دابەشکردن لە ڕێگەی خوێندنەوەی ژمێرەری (عداد)ی پەمپەکانەوە پێش و دوای دابەشکردن کۆنترۆڵ دەکرێت. بەپێی ڕێکارەکان، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا 30 لیتر بەنزین وەربگرێت، تەنیا ئەو بڕە تۆمار دەکرێت و 10 لیترەکەی تری بۆ بەنزینخانەکە هەژمار ناکرێت، بەڵکو ئەو بڕە لە ناو تانکیی وێستگەکەدا دەمێنێتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دووبارە بەسەر هاووڵاتییانی تردا دابەش دەکرێتەوە، جەختیش کراوەتەوە کە خاوەن بەنزینخانەکان ناتوانن دەستکاریی ژمارەکان بکەن.

لە بەشێکی تری ڕایگەیاندراوەکەدا هاتووە کە لە ئێستادا کار لەسەر پەرەپێدانی سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی دەکرێت و لە بەرنامەدایە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا، ئامێری خوێنەر (Reader) لەسەر هەموو پەمپەکان دابنرێت. ئەم ئامێرە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئۆتۆماتیکی بڕی ڕاستەقینەی بەنزینی وەرگیراو دەخوێنێتەوە و بە سیستەمی ناوەندییەوە دەیبەستێتەوە، تاوەکو پڕۆسەی دابەشکردن وردتر و شەفافتر بێت و ڕێگری لە هەر جۆرە سەرپێچییەک بگرێت.

بڕیاری بەکارهێنانی سیستەمی کارت بۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناریی پاڵپشتیکراو، یەکێکە لە هەنگاوەکانی حکووومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی بەردەم بەنزینخانەکان. حکووومەت ئامانجیەتی لە ڕێگەی دیجیتاڵکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەوە، دڵنیایی بدات لەوەی سووتەمەنییە پاڵپشتیکراوەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە دەست هەموو شۆفێران دەگات و ڕێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگیرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.