توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە تێکچوونەکانی خواردن خاوەن بنەمایەکی بایۆلۆژیی قووڵن و تەنیا لە مەسەلەی کێشی جەستەدا کورت نابنەوە، بەڵکو هۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەم ڕەفتارانە هەیە.
لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن "پەیمانگەی کارۆلینسکا" لە سوید ئەنجامدراوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو فاکتەرە وەرسیانەی (جینات) کە دەبنە هۆی دروستبوونی ڕەفتاری نائاسایی وەک "زۆرخۆریی بێزارکەر" و "نەخۆشیی نەمانی ئارەزووی خواردن" (Anorexia). ئەمەش تێڕوانینە کلاسیکییەکان دەگۆڕێت کە پێشتر تێکچوونی خواردنیان تەنیا وەک کێشەیەکی دەروونیی پەیوەست بە وێنەی جەستە و کێش دەبینی.
تێکچوونەکانی خواردن کاریگەرییان لەسەر ملیۆنان کەس لە جیهاندا هەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی داهاتیان بەرزە، کە تێیدا ئەوروپای ڕۆژئاوا بەردەوام بەرزترین ڕێژەی تووشبوونی تێدا تۆمار دەکرێت. ئەمە وەک شێوازێکی نائاسایی لە خواردن و خەیاڵکردنی زۆر بە خۆراکەوە دەردەکەوێت، کە هاوکاتە لەگەڵ دڵەڕاوکێیەکی توند سەبارەت بە شێوە و کێشی جەستە.
بەپێی داتاکانی توێژینەوەکە، نیشانەکانی ئەم تێکچوونە دەبنە هۆی مەترسیی گەورە بۆ سەر تەندروستی و دروستبوونی ئازاری دەروونی و پەککەوتنی ژیانی ڕۆژانە. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 95%ی ئەو حاڵەتانەی بۆ یەکەمجار دەستنیشان دەکرێن، پێش تەمەنی 25 ساڵی دەردەکەون.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە تێگەیشتن لە بنەما بایۆلۆژی و بۆماوەییەکانی ئەم کێشەیە، یارمەتیدەر دەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەری وردتر و تێپەڕاندنی ئەو تێڕوانینە سنووردارەی کە تەنیا کێشی جەستە بە هۆکار دەزانێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.