مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 38 ساڵەی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالی بادیناندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەختی لە مافی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان کردەوە.
دەقی پەیامی سەرۆک حکوومەت؛
ئەمڕۆ لە سی و هەشتەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالی بادیناندا، بە ڕێز و شکۆوە، یادی هەموو قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەکەینەوە کە لە دواقۆناخی ئەم شاڵاوە دڕندانە و جێنۆسایدەدا، ڕژێمی پێشووی عێراق، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی دەڤەری بادیناندا، شەهید و بێسەروشوێن کرد، هەروەها سەدان گوند و دێهاتیشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی دەیان هەزار کەس.
لەم یادە خەمگینەدا، جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێراق، قەرەبووی گشت کەسوکاری قوربانییانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و گشت شەهیدانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2026/8/25
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.