بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی هەولێر لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەربارەی میکانیزمی دابەشکردنی سووتەمەنی ڕایگەیاند، ئەو بڕە بەنزینەی کە لە کارتی شۆفێران دەمێنێتەوە کاتێک کەمتر لە 40 لیتر وەردەگرن، بە هیچ شێوەیەک بۆ خاوەن بەنزینخانەکان نامێنێتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردەوە کە تەنیا ئەو بڕە بەنزینە لە ئەستۆی بەنزینخانەکان هەژمار دەکرێت کە بە ڕاستەقینەیی دراوە بە شۆفێرەکە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، پڕۆسەی دابەشکردن لە ڕێگەی خوێندنەوەی ژمێرەری (عداد)ی ناو بەنزینخانەکانەوە پێش دابەشکردن و دوای دابەشکردن کۆنترۆڵ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا 30 لیتر بەنزین وەربگرێت، تەنیا ئەو بڕە تۆمار دەکرێت و 10 لیترەکەی تری بۆ بەنزینخانەکە هەژمار ناکرێت، بەڵکو ئەو بڕە لە ناو تانکیی بەنزینخانەکاندا دەمێنێتەوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دووبارە بەسەر هاووڵاتییانی تردا دابەش دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێستادا کار لەسەر پەرەپێدانی سیستەمی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی دەکەن و لە بەرنامەیاندایە لە هەنگاوەکانی داهاتوودا، لەسەر هەموو پەمپەکانی فرۆشتنی بەنزین ئامێری خوێنەر (Reader) دابنێن. ئەم ئامێرە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ئۆتۆماتیکی بڕی ڕاستەقینەی بەنزینی وەرگیراو دەخوێنێتەوە و بە سیستەمی ناوەندییەوە دەیبەستێتەوە، تاوەکو پڕۆسەی دابەشکردن وردتر و شەفافتر بێت.
ئەم ڕێکارە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە پارێزگای هەولێر بڕیاری دا دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناریی پاڵپشتیکراوی حکوومی بکات بە سیستەمی کارت، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی پشکەکان و کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی کە لەسەر بەنزینخانەکان دروست دەبوو. گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی سووتەمەنی بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی، بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچی و دەستکارییەک لە سامانی گشتیدا، تاوەکو دڵنیایی بدرێت لە گەیشتنی سووتەمەنی بە یەکسانی بە دەست هەموو شۆفێران.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.