Erbil 31°C سێشەممە 25 ئاب 08:11

شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا پڕۆسەی چاکسازیی پۆلیس لە سلێمانی بەسەردەکاتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

ڕاڵف شرۆدەر، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، بە یاوەریی لیژنەی باڵای چاکسازیی پۆلیسی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئابی 2026 سەردانی پارێزگای سلێمانییان کرد. ئامانجی ئەم سەردانە بەدواداچوون بوو بۆ قۆناغەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە دەزگای پۆلیس و بەسەرکردنەوەی بنکەی پۆلیسی نموونەییی "سەیوان" لە ناو شاری سلێمانی.

شاندەکە کە لەلایەن هێمن کەمال نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە پێشوازییان لێکرا، گفتوگۆیان دەربارەی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی کرد. لە میانی سەردانەکەدا، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ڕاهێنەرانی پڕۆژەی (کولتووری شین) کۆبووەوە و جەختی لە گرنگیی نزیککردنەوەی هاووڵاتییان و پۆلیس کردەوە لەسەر بنەمای ڕێز و متمانەی هاوبەش، هەروەها پاڵپشتیی تەواوی یەکێتیی ئەورووپای بۆ پڕۆسەی چاکسازیی پۆلیسی کوردستان دووپات کردەوە.

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی پۆلیسدا دەکات بۆ ساڵانی 2026 تا 2030، کە ئامانجی سەرەکی مۆدێرنکردنی دەزگا ئەمنییەکان و پەیڕەوکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆدا. ئەم پڕۆسەیە کە بە هاوکاریی دەستەی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە دەچێت، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان بەرەو سیستمێکی خزمەتگوزاریی هاوچەرخ و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پۆلیس و کۆمەڵگە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.