فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان سیمینارێکی زانستی لەسەر سیستەمی سیاسی و پەیوەندییەکانی وڵاتی ئیسپانیا ڕێکخست، کە تێیدا تیشک خرایە سەر ئەزموونی فیدڕاڵییەتی ئەو وڵاتە و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی ئیسپانیا لە هەولێر.
ئەم چالاکییە ڕۆژی دووشەممە 24ی ئابی 2026 بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەکە و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و دیپلۆماتکاران بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی سیمینارەکەدا، دکتۆر سامان سۆرانی، بەرپرسی ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی، کورتەیەکی لەسەر مێژووی ئیسپانیا و گۆڕانکارییەکانی پێگەی ئەو وڵاتە لە سەرۆکایەتیکردنی جیهانەوە بۆ قۆناغی پاشەکشە و پاشان گەڕانەوەی وەک ئەکتەرێکی سەرەکیی نێودەوڵەتی خستە ڕوو. دواتر، دارەوان حاجی حامید، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، شیکارییەکی وردی بۆ سیستەمی سیاسی و پەرلەمانیی ئیسپانیا کرد و تیشکی خستە سەر تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێمەکان لەو وڵاتەدا.
نوێنەری حکوومەت لە ئیسپانیا ئاماژەی بە هەوڵە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ مەدرید، و جەختی لەسەر گرنگیی کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی ئیسپانیا لە هەولێر کردەوە وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سیاسی. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی سیمینارەکە کرد و جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییە زانستییانە کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای فەرمانبەرانی دیپلۆماسی.
هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا فراوانتر بکات و ئیسپانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە سیستەمی فیدڕاڵی و بەڕێوەبردنی هەرێمەکان. بوونی نوێنەرایەتیی فەرمیی هەرێم لە مەدرید و هەوڵەکان بۆ هێنانی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی ئیسپانیا بۆ هەولێر، وەک بەشێک لە ستراتیژیی حکوومەتی هەرێم دەبینرێت بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتووەکان.
راستەوخۆ مەراسیمەکە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.