وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی شەوی ڕابردوو ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوان بوونەتەوە و توانیویانە 726 درۆنی ئۆکراینا لە ئاسمانی ڕووسیا، دەریای ڕەش و دەریای ئازۆفدا بخەنە خوارەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرگرییانە لە کاتژمێر 8:00ـی ئێوارەی 19ـی ئاب تاوەکو کاتژمێر 8:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ 20ـی ئاب (بە کاتی مۆسکۆ) بەردەوام بوون. درۆنەکان لە ئاسمانی چەندین هەرێم و ناوچەی جیاواز وەک (مۆسکۆ، بێلگۆرۆد، بریانسک، کورسک، ڕوستۆف، قرم و تەتارستان) تێکشکێندراون.
لە وردەکاریی زیاتری ڕووداوەکەدا، سێرگی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ، ڕایگەیاند کە 250 درۆن کە ئاراستەی پایتەخت کرابوون، لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێندراون. هاوکات ئیگۆر کۆڤالتشوک کاربەڕێکەری پارێزگاری هەرێمی بریانسک، ئاشکرای کرد کە تەنیا لە هەرێمەکەی ئەواندا 307 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا خراونەتە خوارەوە.
وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەم هێرشانە، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکی دیکەدا جەختی کردەوە کە هێزەکانیان هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پێکهاتەکانی مووشەکی جۆری "Flamingo" و چەندین دامەزراوەی پیشەسازیی سەربازی و ناوەندی لۆجیستی و کۆگای چەک لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و دەوروبەری.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە نوێیە لە کاتێکدایە کە ئۆکراینا بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ناوچە پیشەسازییەکان و ژێرخانی وزەی ڕووسیا لە قوڵایی خاکی ئەو وڵاتەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.