یەلێنا سپیتسینکۆ بەڕێوەبەری سەنتەری شارەزایی لە سەلامەتیی خۆراک لە ڕووسیا، هۆشدارییەکی تەندروستی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە دانانی خواردنی گەرم لە نێو ساردکەرەوەدا (سەلاجە) دەبێتە هۆی تێکچوونی بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکەی ناو ساردکەرەوەکە.
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، کاتێک مەنجەڵێک یان قاپێکی خواردنی گەرم دەخرێتە نێو ساردکەرەوە، پلەی گەرمیی ناوەوەی بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرز دەبێتەوە. ئەم بابەتە بەتایبەت لە ساردکەرەوە کۆنەکاندا مەترسیدارە، چونکە ناتوانن بە خێرایی ئەو گەرمییە کۆبووەوە قەرەبوو بکەنەوە، ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی خێرای بەکتریا لەسەر ڕەفەکانی ساردکەرەوەکە دەڕەخسێنێت.
سپیتسینکۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە مەترسییە سەرەکییەکە ڕووبەڕووی ئەو خواردنانە دەبێتەوە کە لە تەنیشت یان نزیک خواردنە گەرمەکەن؛ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی تەنانەت بە چەند پلەیەکی کەمیش، گەشەی بەکتریا لە نێو شیر و گۆشتی سارددا چالاک دەکات. بۆ نموونە، دانانی شۆربایەکی گەرم ڕەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی ئەو شیرەی لە تەنیشتیەتی پێش ئەوەی وادەی بەسەرچوونەکەشی کۆتایی بێت.
هەروەها هۆشداری دا لەوەی هەڵمی خواردنە گەرمەکە دەبێتە دڵۆپە ئاو و لەسەر دیوارەکانی ساردکەرەوەکە و خواردنەکانی دیکە دەنیشێت، ئەمەش شێیەکی زیادە دروست دەکات کە دەبێتە هۆی پەیدابوونی کەڕوو. بوونی کەڕوو نەک هەر خواردنەکان تێکدەدات، بەڵکو سپۆرەکانی (تۆوەکانی) دەبنە هۆی دروستبوونی هەستیاری بۆ بەکارهێنەران.
لە کۆتاییدا، ئەو پسپۆڕە ڕووسییە ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکات کە بۆ ساردکردنەوەی خواردن بە شێوەیەکی دروست، باشتر وایە بۆ ماوەی نزیکەی 2 کاتژمێر لە پلەی گەرمی ژووردا بەجێ بهێڵرێت تاوەکو بە تەواوی سارد دەبێتەوە، پاشان بخرێتە نێو ساردکەرەوەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.