سەرچاوە ناوخۆییەکان لە ئەفریقای ناوەڕاست ڕایانگەیاند، کە لە ئەنجامی داڕمانی زەوی لە کانێکی زێڕ لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە، کارەساتێکی مرۆیی گەورە ڕوویداوە و بەهۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاوی کردەوە، ڕووداوێک پاشنیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە لە کانی زێڕی زامبۆی ڕوویداوە، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شاری "بابوا"وە دوورە و دەکەوێتە سەر سنووری وڵاتی کامیرۆن. بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لانی کەم 100 کەس لەو داڕمانەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم کانە بە شێوەیەکی سەرەتایی و نەریتی (تقليدي) کاری تێدا کراوە، کە زۆرجار مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە. تیمەکانی فریاگوزاری ئاماژە بەوە دەدەن کە تاوەکو ئێستا پڕۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەکان و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژێر داروپەردوودا ماونەتەوە، بەردەوامە.
جێی باسە، ئەو وڵاتە ئەفریقییانەی دەوڵەمەندن بە کانزای زێڕ، ساڵانە بەهۆی شێوازی کارکردنی نادروست و داڕمانی زەوی، ڕووبەڕووی ئەم جۆرە ڕووداوە کوشندانە دەبنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.