وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا 8 سندووقی نوێی بۆ ڕادەستکردنی چەک و چەقۆ لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای یۆرکشایر دانا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و تاوان لەو ناوچانەدا.
ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن حکوومەتەوە بودجەی بۆ دابینکراوە و لەلایەن ڕێکخراوی "Word 4 Weapons"ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات بە شێوەیەکی ئارام چەکە بێمۆڵەتەکانیان ڕادەست بکەن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە تەممووزی 2025ەوە تا ئێستا، زیاتر لە 15,000 چەقۆ و چەکی جۆراوجۆر لە ڕێگەی ئەم سندووقانەوە کۆکراونەتەوە.
تاوانەکانی پەیوەست بە چەقۆ و چەکی سارد لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە یەکێک لە تەحەدییە گەورە ئەمنییەکانی بەریتانیا، بەتایبەت لە ناو گەنجاندا. حکوومەتی بەریتانیا جگە لە توندکردنەوەی سزاکانی هەڵگرتنی چەک، پەنای بۆ ڕێگەی جێگرەوە بردووە وەک دانانی ئەم سندووقانە و ئەنجامدانی کەمپەینی هۆشیاری، تاوەکو بەبێ ڕێکاری یاسایی توند، هاووڵاتییان هان بدات دەستبەرداری چەکە نایاساییەکانیان ببن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.