Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 11:25

وردەکاریی ئاگرەکەی تانجەڕۆ: 20 کەس بریندار بوون و زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین سووتا

100%

درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە ناوچەی "تانجەڕۆ"ی پارێزگای سلێمانی کەوتەوە، کە بەهۆیەوە زیانێکی یەکجار زۆری ماددی و مرۆیی لێکەوتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، کە لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا تاوەکو ئێستا 20 کەس بریندار بوون و تووشی سووتان بوون، کە لە نێویاندا چەند کارمەندێکی تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەن. تەندروستیی سلێمانی دڵنیایی دا کە هیچ کەسێک گیانی لەدەست نەداوە و سەرجەم بریندارەکان لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.

بەپێی گوتەی خاوەنی کۆگاکە، لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا بڕی 3 ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەنزین لە کۆگاکەدا هەبووە. لە کۆی 34 تانکی جێگیری کۆگاکە، 30 تانکیان بە تەواوی سووتاون. هەروەها ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە جگە لە تانکە جێگیرەکان، 34 تانکەری گواستنەوەی بەنزین و 6 تانکەری گازوایل بەر ئاگرەکە کەوتوون و سووتاون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، 14 تیمی ئاگرکوژێنەوە ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون و دوای هەوڵێکی زۆر توانیویانە ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بگرن. سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکەش، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاگرەکە بەهۆی "ڕژانی سەتڵێک بەنزین" لە کاتی کارکردندا کەوتووەتەوە و بەهۆی خێرایی گڕگرتنی سووتەمەنییەکەوە، لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.

ئەم ڕووداوە نیگەرانیی لەبارەی دابینکردنی بەنزین لە بازاڕەکانی سلێمانی دروست کردووە، بەوپێیەی بەشێکی زۆری کۆگاکانی سووتەمەنی لەو ناوچەیەدا جێگیر کراون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.