سەرۆكی یەکێتی رۆشنبیرانی نەتەوەیی کورد سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەكات كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی كرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچەكی پیرمام لە سنووری پارێزگای هەولێر.
د. عەدنان ئەنوەر بەگ سەرۆكی یەکێتی رۆشنبیرانی نەتەوەیی کورد لە راگەیەنراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكە دەكات و رایدەگەیەنێت: دوژمنان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێت بەزۆر كوردستان ڕابکێشنە ناو بازنەی ململانێکانیان ئەوەش لە ڕێگەی بۆردومانکردنەوە بەبیانووی هەبوونی کونسوڵخانە و بنکەی سەربازییەكانی ئەمریکا.
د. عەدنان ئەنوەر بەگ هەروەها ڕایدەگەیەنێت: بە ناوی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتییەکەمان زۆر بەتوندی پڕۆتستۆی ئەو کارە دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین.
دەقی راگەیەنراوی سەرۆکی یەکێتی رۆشنبیرانیی نەتەوەیی کورد:-
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
دیارە سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی ڕوونە و هەمیشە ویستوویەتی بەشێک نەبێت لەو شەڕ و کێشمە کێشانەی لە ناوچەکەدا روو دەدەن، حکوومەتی هەرێم ئەوی لە توانایدا بووبێت کردوویەتی بۆ ڕاگرتنی بەڵانس لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئەوی بۆی کراوە کردوویەتی لەپێناو بەرقەراکردنی ئاشتی، بەڵام دیارە دوژمنانی کوردستان چاویان بە پێشکەوتنەکانی کوردستان هەڵنایەت و دەیانەوێت بەزۆر ڕامان بکێشنە ناو بازنەی ململانێکانیان ئەوەش لە ڕێگەی بۆردومانکردنی بەردەوامی کوردستان بەبیانووی هەبوونی کونسوڵخانە و بنکەی سەربازی ئەمریکا، بەڵام بەداخەوە دەستیان نەپاراستووە لە بۆردومانی ژێرخانی ئابووری کوردستان و ماڵی هاووڵاتییان کە تا ئێستا چەندین و شەهید و برینداری لێ کەوتۆتەوە، دواجاریش دوێنێ شەو بۆردومانی نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیان کرد، بەو کارەیان ڕووی رەشی خۆیان زیاتر دەرخست و هیچ پاساوێکیان نەهێشتەوە و هێڵی سووریان تێپەڕاند، بۆیە ئێمە بە ناوی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتییەکەمان زۆر بەتوندی پڕۆتستۆی ئەو کارە دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، بە مافی هەرێمی کوردستان دەزانین هەر کارێکی پێویست بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی دەکرێنە سەر کوردستان، دڵنیاشیان دەکەینەوە كە خۆیان زەرەرمەند دەبن، چونکە خۆیان لە پەلەقاژەی مەرگدان و لەبەرژەوەندی ئەوان نییە دۆستەکانیان لەدەست بدەن، هەروەک هەمیشە سەروبنی زمانیان (ئێمە دۆستی ئێوەین).
داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین سنوورێک بۆ ئەو دوژمنکارییە دابنێن کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق و بەزاندنی سەروەری عێراق.
لێرە رایدەگەیەنین كە ئێمە لەپێناو خاک و سەروەری کوردستان گیانی خۆمان بەخت دەکەین، دوژمنانیش دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان هەمیشە بە سەربەرزی دەمێنێتەوە.
بژی کورد بژی کوردستان، رووڕەشی بۆ دوژمنان
د. عەدنان ئەنوەر بەگ
سەرۆکی یەکێتی رۆشنبیرانی نەتەوەیی کورد
17/8/2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.