Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 21:08

ڕاگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە

100%

مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشکردنە سەر نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و شوێنى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەرکى سەرشانى حکوومەتى فیدراڵى عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدى بێتە دەنگ و ڕێگا لەم هێرش و پێشێلکاریانە بگرێت.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان؛

لەکاتێکدا هەموولایەک چاوەڕوانى ئەوەبوون دەست بۆ ئەمنیەت و سەقامگیريی عێراق و هەرێمى کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بەتایبەتى کە تەواوى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دوورخستنەوەى هەرێم و عێراقە لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانى ناوچەکە و، هەرگیز هەرێم بەشێک نەبووە و نیە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەداخەوە شەوى ڕابردوو لە رێگاى دوو دڕۆنەوە نووسینگەى (مەسرور بارزانى) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شوێنى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن بە ئامانج گیران.

ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر بەتوندى ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و، ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.

لێرەدا بەڕوونى جەخت دەکەینەوە کە ئەرکى سەرشانى حکومەتى فیدراڵى عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدى بێتە دەنگ و ڕێگا لەم هێرش و پێشێلکاریانە بگرێت، هەروەها لە زوترین کاتدا بە ڕێگاى گونجاو بەرەنگارى ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ببێتەوە.

مەکتەبى سیاسیى
پارتى دیموکراتى کوردستان
١٧ى ئابى ٢٠٢٦
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.