دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوەیەکی سەبارەت بەهێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کوردستان بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی ئاب، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: بە توندی ئیدانە و سەركۆنەی ئەو پەلامارە درۆنییە تێکدەرانەیە دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دیوی سنوورەکانی ئێرانەوە ئاراستەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام لە پارێزگای هەولێر کرا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، جەخت دەکەینەوە کە ئامانجگرتنی ناوبەناوی ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە، پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە، هاوکات پێشێلکردنی سەرجەم پێوەر و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ و مافی ئاسایشی ژیانی هاووڵاتییانە. ئەم جۆرە کردەوانە مەترسی جدی لەسەر ئارامی و سەقامگیریی هەرێمەکەمان و گیانی هاووڵاتییان دروست دەکەن.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاشیگەیاند، سەرەڕای ئەوە خۆشبەختانە ئەم هەوڵە تێکدەرانەیە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە کە پاراستنی ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییان مافێکی بنەڕەتییە و ناکرێت بە هیچ پاساوێک خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی پەلامار و پەیامی سەربازی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی ڕوون و جدییان هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە دەستدرێژی و پێشێلکارییە بەردەوامانە، و کاربکرێت بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.