Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 15:52

کێ لە منداڵییەوە کەمتر تووشی نەخۆشیی زەهایمەر دەبێت؟

100%

کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شەکر لەلایەن دایکەوە لە کاتی دووگیانیدا و لەلایەن منداڵەوە لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی تێکچوونی مێشک (دیمانشیا) و نەخۆشیی زەهایمەر لە قۆناغی پێگەیشتووییدا هەیە.

گۆڤاری نیورۆلۆجی (Neurology) ئاماژە بەوە دەکات کە توێژەرانی زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیای هۆنگ کۆنگ، بە شیکردنەوەی داتای 64 هەزار و 737 بەشداربووی بانکی زانیارییە بایۆلۆجییەکانی بەریتانیا گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامە، ئەوانەش ئەو کەسانەن کە لەو ماوەیەدا لەدایکبوون کە بەکارهێنانی شەکر لە بەریتانیا لە ساڵی 1953دا سنووردار کرابوو. نزیکەی 41 هەزاریان لە ماوەی گەشەی کۆرپەلەیی و منداڵیی سەرەتاییدا بەر ئەو سنووردارکردنە کەوتوون، لە کاتێکدا بەشداربووانی دیکە بەر ئەو دۆخە نەکەوتوون.

بۆ توێژەران دەرکەوتووە کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شەکر لە کاتی دووگیانی و ساڵی یەکەمی تەمەندا، پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونی مێشک و نەخۆشیی زەهایمەرەوە هەیە. ڕێژەی ئەگەرەکان بە ڕیزبەندی 0.79 و 0.77 بووە. کاتێک سنوردارکردنی خواردنی شەکر بۆ ماوەی دوو ساڵی سەرەتای تەمەن درێژەی کێشاوە، ئەو ڕێژانە بۆ ئاستێکی نزمتر دابەزیون، بۆ تێکچوونی مێشک گەیشتووەتە 0.77 و بۆ نەخۆشیی زەهایمەر گەیشتووەتە 0.72.

بە بڕوای توێژەران، ئەو کەسانەی لە قۆناغی دووگیانی و منداڵیی سەرەتادا بەر سنوردارکردنی خواردنی شەکر کەوتوون، دەرکەوتنی نیشانەکانی تێکچوونی مێشک، زەهایمەر و تێکچوونی مێشکی خوێنبەرییان بە تێکڕا نزیکەی 2.5 بۆ 2.9 ساڵ دواکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سنوردارکردنی شەکر لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا پەیوەندی بە زیادبوونی قەبارەی ماددە خۆڵەمێشییەکانی مێشک و کەمبوونەوەی چڕیی ماددە سپییەکانەوە هەبووە. هەروەها ئەم بەشداربووانە لە خێرایی وەرگرتنی زانیاری و بیرکردنەوەی لۆژیکیدا نمرەی بەرزیان تۆمار کردووە.

زانایان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی چارەکێکی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم و بەرزیی پەستانی خوێن.

لە کۆتاییدا توێژەران جەخت دەکەنەوە کە ئەم توێژینەوەیە پەیوەندییەکی ئاماری لە نێوان سیستەمی خۆراکیی قۆناغە سەرەتاییەکان و مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونی مێشک لە داهاتوودا دەردەخات، بەڵام بەو واتایە نییە کە تەنیا کەمکردنەوەی خواردنی شەکر بە تەنیا گەرەنتیی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە دەکات.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.