بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بەهۆی پاڵەپەستۆ و جەنجاڵییەکی زۆر لە پەرستگەی ئەشۆکدام لە ناوچەی لاکیسارای لە ویلایەتی بیهاری هیندستان، لانی کەم 7 کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی هیندستان، نزیکەی 50,000 کەس بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمێکی ئایینی ڕوویان لە پەرستگەکە کردووە. هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی ئەم جەنجاڵییە لەناکاویە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دوو شەمەندەفەری گواستنەوەی گەشتیاران لە یەک کاتدا گەیشتوونەتە ناوچەکە.
شایلێندرا کومار سەرۆکی کارگێڕیی ناوچەی لاکیسارای، لەبارەی هۆکاری ڕووداوەکە ڕایگەیاند: بەهۆی لێشاوی زۆری خەڵکەکەوە، پەرژینێکی ئاسنین لە بەشێکی پەرستگەکەدا شکاوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان بەسەر یەکدا بکەون و پاڵەپەستۆیەکی کوشندە دروست ببێت.
هاوکات باس لە دەنگۆی کەوتنی ستوونێکی کارەبا یان تەزووی کارەبا دەکرێت کە بووبێتە هۆی شڵەژانی خەڵکەکە، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تا ئێستا ئەو دەنگۆیانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە و لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ڕووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.