وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) ڕایگەیاند، کە لە چوارچێوەی پلانی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، 13 ئوتێلی دیکەی پەنابەران داخران و باڵەخانەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە خۆجێییەکان. پێشبینی دەکرێت تەنها داخستنی ئەم 13 ئوتێلە ببێتە هۆی پاشەکەوتکردنی بڕی 51 ملیۆن پاوەند بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک داخستنی پێشوو دێت، کە تێیدا لە مانگی نیساندا 11 ئوتێل و لە حوزەیرانی ڕابردووشدا 20 ئوتێلی تر داخرابوون. بەمەش ژمارەی ئەو ئوتێلانەی لە ئێستادا بۆ حەواندنەوەی پەنابەران بەکاردێن بۆ کەمتر لە 160 ئوتێل دابەزیوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد کە کۆی گشتیی ئەو پاشەکەوتەی لە ئەنجامی داخستنی ئوتێلەکان لەمساڵدا بەدەست دێت، دەگاتە 224 ملیۆن پاوەند.
بەپێی پلانی نوێی حكوومەت، لە جیاتی بەکارهێنانی ئوتێلە گرانبەهاکان، پەنابەران دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەندەکانی حەواندنەوەی گەورەتر و سادەتر، کە بنکە سەربازییە کۆنەکانیش دەگرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییە یەکجار زۆرەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی کۆچەوە کەوتبووە سەر شانی باجدەرانی بەریتانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.