Erbil 31°C شەممە 15 ئاب 02:46

ڕافائیل گرۆسی: نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی لەسەرخۆ دەمرێت و گرنگیی خۆی لەدەستداوە

کوردستان TV
100%

ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و کاندیدی پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەخنەی توند لە کارەکانی ئەو ڕێکخراوە دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان "بەرەو مردنێکی لەسەرخۆ دەچێت".

گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (Financial Times) ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە مەترسییەکی دەستبەجێ بۆ هەرەسهێنانی نەتەوە یەکگرتووەکان نابینێت، بەڵام ڕێکخراوەکە تووشی مردنێکی لەسەرخۆ بووە. گوتیشی: نەتەوە یەکگرتووەکان چیتر بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەشدار نییە لە چارەسەرکردنی قەیرانە نوێیەکان یان جەنگەکانی نێوان دەوڵەتان و گرنگیی جارانی نەماوە.

ئەم لێدوانانەی گرۆسی هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی یەکەم خولی دەنگدانی داخراو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دیاریکردنی کاندیدی گونجاو بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی، کە بڕیارە دواتر ناوەکەی بۆ پەسەندکردنی فەرمی ئاراستەی کۆمەڵەی گشتی بکرێت. ماوەی دووەم و کۆتایی ویلایەتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری ئێستای ڕێکخراوەکە، لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 کۆتایی دێت.

7 کاندید کێبڕکێ لەسەر پۆستی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، کە بریتین لە:

1.  میشێل باشێلێت (چیلی)

2.  ماریا فێرناندا ئێسپینۆزا گارسیس (ئیکوادۆر)

3.  ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی (ئەرژەنتین)

4.  ڕێبێکا گرینسپان مایۆفیس (کۆستاریکا)

5.  ئۆلارا ئۆتۆنۆ (ئۆگاندا)

6.  کارۆلین ڕۆدریگێز بێرکێت (گیانا)

7.  ماکی ساڵ (سەنیگال)

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەرێگەی زنجیرەیەک دەنگدانی بەراییەوە کاندیدی کۆتایی هەڵدەبژێرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوەی سەرکردەیەکی نوێ کە بتوانێت شکۆ و کاریگەری بۆ ڕێکخراوەکە بگەڕێنێتەوە لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی ڕووبەڕووی جیهان بووەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.