ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، بۆ یەکەمجار سەردانی دوورگەکانی "کوریل"ی کرد لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی، کە ئەم ناوچەیە ماوەیەکی درێژە تەوەری سەرەکیی ململانێیەکی دیپلۆماسی و سنوورییە لە نێوان مۆسکۆ و تۆکیۆ.
ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی فەرمیی ڕووسیا ڕایگەیاند، کە ئەمە یەکەمین سەردانی پوتینە بۆ ئەو ئەرخەپێلە ستراتیژییە لەوەتەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک.
لە میانی سەردانەکەیدا، پوتین پشکنینی بۆ کەشتیی فەرماندەیی لە کەشتیگەلی زەریای هێمنی ڕووسیا کرد، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ بایەخی سەربازیی ئەو ناوچەیە بۆ مۆسکۆ دەبینرێت. ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ڕووسیا تیشکی خستەوە سەر ئەو دوورگانەی کە لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادان، بەڵام ژاپۆن بانگەشەی خاوەندارێتییان دەکات.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم سەردانەی پوتین لەم کاتە هەستیارەدا پەیامێکی ڕاشکاوە بۆ ژاپۆن و هاوپەیمانەکانی، کە ڕووسیا دەستبەرداری سەروەریی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەدا نابێت. ئەم کێشە مێژووییە وای کردووە کە تاوەکو ئێستاش هەردوو وڵات نەتوانن پەیماننامەی ئاشتیی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە لێکەوتەکانی جەنگی جیهانیی دووەم واژۆ بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.