وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە لە ژێر سەرپەرشتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، زیاتر لە 175,000 ڤیزەی هاووڵاتیانی بیانییان هەڵوەشاندووەتەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە توندکردنەوەی ڕێکارەکانی کۆچ و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان دەبینرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەت، ئەم بڕیارە ئەو هاوڵاتییە بیانییانە دەگرێتەوە کە سەرپێچییان لە مەرج و یاساکانی ڤیزە و مانەوە لە ناو خاکی ئەمریکادا کردووە. واشنتن جەختی کردەوە کە چیتر چاوپۆشی لە هیچ جۆرە پێشێلکارییەک ناکرێت کە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات یان سەروەریی یاسا دروست بکات.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەڵوەشاندنەوەی ئەم ژمارە زۆرەی ڤیزە لە ماوەیەکی کورتدا، نیشانەی جیدییەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە لە جێبەجێکردنی دروشمی "سەرەتا ئەمریکا" و پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی. ئەم ڕێکارانە تەنانەت ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سەرپێچیی سووکی یاساییان ئەنجامداوە.
وەزارەتی دەرەوە دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی وردی ئەو کەسانەی بە ڤیزەی جۆراوجۆر دێنە ناو ئەمریکا، و هەر جۆرە لادانێک لە مەرجە دیاریکراوەکان، دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی مافی مانەوە و دیپۆرتکردنەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.