دادگای پێداچوونەوەی كەرخ لە پارێزگای بەغدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەحمەد جاسم سابر ئەسەدی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەرکرد.
دادگاكە ئەم فەرمانەی لەسەر بنەمای سکاڵایەک دەركردووە کە ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی کراوە بە تۆمەتی كۆكردنەوەی سامانێكی زۆر بەبێ سەلماندنی سەرچاوەی سامانەكە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك کە دادگای پێداچوونەوەی كەرخ لە رێكەوتی 29/7/2026 دەری كردووە، فەرمانی دەستگیرکردن بەپێی ماددەكانی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتنی سامانی ناڕەوا (ژمارە 30ی ساڵی 2011)ی هەموارکراو دەرچووە؛ ئەم ماددەیە تایبەتە بە نەتوانینی تۆمەتبار لە سەلماندنی ڕەوایەتیی ئەو زیادبوونەی لە سامان و داراییەکەیدا ڕووی داوە.
لەنێو بەڵگەنامەکەدا ڕێنمایی دراوەتە ئەفسەرانی دادوەری و کارمەندانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار و ڕادەستکردنی بە دادگا بۆ دەستپێکردنی ڕێکارە یاساییەكان.
هێزە ئەمنییەکان لە رۆژی 12ی مانگی رابردوو هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەحمەد ئەسەدی لە بەغدا و لە میدیاكان دەنگۆی ئەوە بڵاوكرابووەوە كە دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر لە پارە و زێڕدا گرتووە، بەڵام ئەو كات لایەنە فەرمییەكان هیچ زانیارییەك لەبارەی بڕی ئەو پارە و زێڕانە ئاشكرا نەكرد، لە بەرامبەریشدا ئەحمەد ئەسەدی هەموو تۆمەتەکانی ڕەت کردبووەوە و ئامادەیی خۆشی نیشاندابوو بێتە بەردەم دادگا.
ئەحمەد جاسم سابر ئەسەدی لە ساڵی 1970 لەدایکبووە، یەكێكە لە سەرکردەكانی هاوپەیمانی (فەتح) و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی، لە كابینەی رابردووی حكوومەتی عێراق بە سەركردایەتی محەمەد شیاع سوودانی پۆستی وەزیری کاری و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراقی پێدرابوو.
وێنە: نووسراوی دادگای بەغدا بۆ فەرمانی دەستگیركردن:-

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.