Erbil 31°C دووشەممە 10 ئاب 13:23

پزیشکان هۆشداری لە کێشانی کۆتا جگەرە بەرلە خەوتن دەدەن

کوردستان TV
100%

تیمی پزیشکی و پسپۆڕانی بواری تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی کێشانی جگەرە ڕاستەوخۆ پێش چوونه‌ ناو جێگەی خەوتن، کاریگەری نەرێنی قووڵ لەسەر جۆری خەو و تەندروستی کۆئەندامی هەناسە جێدەهێڵێت. جەختیش دەکرێتەوە کە ئەم خووە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی پرخەپڕخ و تێکچوونی سیستمی هەناسەدان لەکاتی خەودا.

دکتۆر دەیڤد ڕیچارد، پسپۆڕی بواری خەو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "Sante"ی فەرەنسی ڕایگەیاند: کێشانی دواین جگەرە بەرلە خەوتن دەبێتە هۆی هەوکردن و خورانی بۆرییەکانی هەناسە. ناوبراو ئامۆژگاری جگەرەکێشان دەکات کە لانی کەم 2 کاتژمێر بەرلە خەوتن، لە کێشانی جگەرە دووربکەونەوە.

دیارترین مەترسییەکانی جگەرەکێشان بەرلە خەوتن:

1- دروستبوونی کێشە لە بۆرییەکانی هەناسە و زیادبوونی کۆکە و تەنگەنەفەسی.

2- خراپترکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، وەک ڕەبۆ و گیرانی درێژخایەنی سییەکان.

3- زیادبوونی ئەگەری پچڕانی هەناسە لەکاتی خەودا، کە ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.

4- زیادبوونی پرخەپڕخ بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی تووتن لەسەر ڕێڕەوی هەناسە.

جێگرەوە تەندروستەکان

بۆ دەستکەوتنی خەوێکی ئارام، پسپۆڕان پێشنیار دەکەن جگەرەی پێش خەوتن بە چەند خوویەکی تەندروست بگۆڕدرێت، وەک:

  - ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەناسەدان و تێڕامان (Meditation).

  - وەرزشکردنی بەردەوام لە کاتەکانی ڕۆژدا.

  - هەواگۆڕکێی ژووری خەوتن.

  - دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە هاندەرەکان (کافایین) و ژەمە قورسەکان لە کاتەکانی شەودا.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.