لە پێشکەوتنێکی زانستی بێوێنەدا، توێژەرانی پەیمانگای (Arc) لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا ڕایانگەیاند، کە سەرکەوتوو بوون لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ دروستکردنی ڤایرۆسە بەکتریاییە زیندووەکان کە پێشتر لە سروشتدا بوونیان نەبووە. ئەم هەنگاوە لە لایەکەوە ئاسۆیەکی نوێ بۆ پزیشکی دەکاتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە مەترسییەکی ئەمنی قووڵ دروست دەکات.
تیمی توێژەران مۆدێلێکی ژیریی دەستکردیان بە ناوی (Evo) بەکارهێناوە، کە توانای خوێندنەوە و شیکردنەوەی پێکهاتەی ترشی ناوەکی (DNA)ـی نزیكەی 2 ملیۆن ڤایرۆسی هەبووە. دوای بەرهەمهێنانی 700,000 دیزاینی جینیی گریمانەیی، توێژەران 300 دانەیان لە تاقیگەدا دروست کرد، لە ئەنجامدا 16 ڤایرۆسیان بە زیندوویی مانەوە و توانای تووشکردنی بەکتریای "E. coli" و زۆربوونیان لە ناویدا سەلماند.
ئەم ڤایرۆسە نوێیانە لە جۆری ئاژەڵخۆرەکان پۆلێن دەکرێن، کە تەنها هێرش دەکەنە سەر بەکتریا و مەترسی بۆ سەر مرۆڤ دروست ناکەن. زانایان پێیان وایە ئەم تەکنەلۆژیایە یارمەتیدەر دەبێت لە پەرەپێدانی چارەسەری جینی، دروستکردنی ڤاکسین و دەرمانی نوێ، هەروەها تێگەیشتنی قووڵتر لە سروشتی ڤایرۆسەکان.
هاوکات، بڵاوبوونەوەی ئەم توێژینەوەیە شەپۆلێکی نیگەرانیی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دروست کردووە. شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی لە داهاتوودا ژیریی دەستکرد بۆ مەبەستی خراپ بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی بۆ دیزاینکردنی هۆکارە بایۆلۆژییە مەترسیدارەکان و نەخۆشییە کوشندەکان، ئەمەش پێویستیی دانانی یاسا و چاودێرییەکی توندتر بەسەر ئەم تەکنەلۆژیایەدا دەسەلمێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.