شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەت بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی سیاسەتی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و ئەم پڕۆسەیەش هیچ پاشەکشەیەکی تێدا نابێت.
ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئاب، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، لە لێدوانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند: سیاسەتی نیشتمانی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەرکێکە بەپێی بڕیاری ژمارە 21ـی ساڵی 2018ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی پەسند کراوە. ئەمە بەڵگەنامەیەکی حکوومییە و ئامانجی کۆنترۆڵکردنی چەک، ڕێکخستنی مۆڵەتەکان و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی نایاسایی چەک و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەیەتی لەناو کۆمەڵگەدا.
سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختی کردەوە کە حکوومەت لەم هەنگاوەدا بەردەوامە، چونکە پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، زیادکردنی متمانە بە دامەزراوەکان، پاراستنی شکۆی دەوڵەت و دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان و ئابووری.
فەریق سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەی ئەمنیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لە کردنەوەی نووسینگەکانی تۆمارکردنی چەک. هەروەها تیشکی خستە سەر لایەنە یاسایی و دەستوورییەکان و گوتی: بەپێی ماددەی 9ـی دەستووری عێراق، دروستکردنی هەر پێکهاتەیەکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەیە."
سەبارەت بە سزاکانیش، فەریق سەعد مەعن ڕوونیکردەوە کە یاسای چەکی ژمارە 51ـی ساڵی 2017 و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، سزای توندیان بۆ ئەو تاوانانە داناوە کە چەکیان تێدا بەکاردەهێنرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مەعن باسی لە پرسی عەشایەری کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی بڕیاری دادگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردەیە وەک تاوانێکی تیرۆریستی، ئامارەکانی شەڕ و پەلاماری عەشایەری بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و لە زۆربەی ناوچەکان و پارێزگاکان بەرەو نەمان چوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.